حکومەتی هەرێم لێژنەیەکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پێکهێنا


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کۆبونەوە و راگەیەندراوێکی لەسەر کۆبونەوەکە بڵاوکردوە.

بەپێی راگەیەندراوی حکومەت ،مەسرور بارزانی رایگەیاندووە" داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن".

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی داواکاری گشتی ئامادەیبوون، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ و گوتی ئەنجامدانی چاکسازی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکان بوو. بۆیە داوا لەپارت و لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم دوور لە موزایەدە و بە کردەوە، پشتگیریی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت و هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە. گوتیشی هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی وکارگێڕیدا کار لە سەر رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەش داهاتی نەوت  وگاز دەکەین کە دەمانەوێت شەفاف و روون بێت، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد کە لە ماوەی پازدە رۆژدا، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ رەشنووسی پەیڕەوی ئاسانکاريی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادە بکەن و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لە کۆبوونەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی  كردەوە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.

PM:02:56:12/02/2020