هۆشداری بە شۆفێران دەدرێت


قائمقامی قه‌زای دوكـــان ڕایگەیاند" ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كانی سنووره‌كه‌ كراوه‌ن و داواشی کرد شۆفێران له‌كاتی پێویستدا نه‌بێت ڕێگای ناوچه‌شاخاویه‌كان به‌كار نه‌هێنن".

سیروان سه‌رحه‌د قائيمقامی قه‌زای دوكـان دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ ی ٢ ی ٢٠٢٠ ڕایگەیاند" له‌به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ سه‌رجه‌م تیمه‌كانی شاره‌وانی سنووری ئیدارەکەیان و كۆمپانیای شكار و پۆلیس و كارمه‌ندانی هاتوچۆ  به‌رده‌وامن له‌ پاك كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕێگاكان، جگه‌ له‌ ڕێگاكانی شاخی قه‌ره‌سرد و شاخی فریادی دۆڵی جافایه‌تی".

وتیشی" بڕێكی زۆر خوێ به‌كار هێنراوه‌ بۆ ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كان و هاتوچۆ كردن له‌ ڕێگای سلێمانی دوكــان ڕانیه‌ و دوكان كه‌ڵكه‌سماق كۆیه‌ ئاساییه‌".

داواش له‌هاوڵاتیان شۆفێران ده‌كات، ڕێگای ناوچه‌ شاخاویه‌كان به‌كار نه‌هێن، چونكه‌ به‌هۆی زۆری بارینی به‌فر و دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رماوه‌ سه‌ره‌ڕای پاكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنای خوێ حاڵه‌تی به‌ستن ڕویداوه‌.

قائمقامی دوكان ئاماژەی بەوەش کرد" به‌رده‌وام به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چاودێری ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌ر شۆفێریك یا هاووڵاتیه‌ك گرفتی هه‌بوو ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی هێڵی گه‌رمی ١٠٤ په‌یوه‌ندی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی تیمه‌كانمان و به‌ هانایه‌وه‌ بچن".
 


ئه‌م بابه‌ته ‌394 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:10:13/02/2020