پۆلیسی سلێمانی: چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە هەڵیانكوتابووە سەر یانەیەكی شەوانە


مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار و بەشی پۆلیسی فریاكەوتن چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر یانەیەكی شەوانەو دەستدرێژییان كردبووە سەر چەند كەسێك.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد" دوای ئەوەی پەیوەندی بەبەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانییەوە كرا كە چوار تۆمەتبار هەڵیانكوتاوەتە سەر یانەیەكی شەوانەو دەستدرێژییان كردۆتە سەر چەند كەسێك‌و تەقەشیان كردووە، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە، دواتر بە هەماهەنگی و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە توانرا هەرچوار تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن كە ئۆتۆمبێلێكی جام ڕەشیان پێبووە و چەند قەوانێكیش لەشوێنی ڕوداوەكە كۆكراوەتەوە".

دەشڵێت" لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران: (ع ، ج ، لەدایكبوی 1998)، (ه ، أ لەدایكبوی 1979)، (ش ، أ لەدایكبوی 1993، (م ، ب لەدایكبوی 1992) كە پیشەیان پێشمەرگەیە، بەفەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون".





PM:10:24:13/02/2020