سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو پەیوەندیی بە كۆسرەت رەسوڵەوە كرد

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی محەمەد تۆفیق عەلاوی، كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق لەگەڵ كۆسرەت ڕەسول عەلی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

 

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌ راه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا محەمەد تۆفیق عەلاوی پیرۆزبایی سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لە كۆسرەت ڕەسول كردو هیوای خواست یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا ڕۆڵی كارای خۆی بگێڕێت".

لای خۆیەوە كۆسرەت ڕەسول سوپاسی محەمەد تۆفیق عەلاوی كردو هیوای خواست سەركەوتوو بێ لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بۆ دوپاتكردەوەو هیوای خواست بتوانێ سەركەوتوو بێت لەكارەكەی.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق تەوەری سەرەكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان كۆسرەت ڕەسول و محەمەد تۆفیق عەلاوی بوو،هەردوولا بەوردی تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیان كردو كۆسرەت ڕەسول پێی ڕاگەیاند كە پشتیوانی لە حكومەتێكی كارای نیشتمانی دەكەن كە مافە دەستووری و داراییەكانی كورد تێیدا پارێراو بێت وحكومەتەكە لەسەر بنەمای هاوسەنگی نێوان سەرجەم پێكهاتەونەتەوە جیاوازەكان پێكبێت و داواكاری خۆپیشاندەرانی عیراقی جێبەجێ بكات.

وتیشی" یەكێتی نیشتمانی كوردستان خوازیارە كورد بەیەك تیم بەشداربێ لە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق وچەسپاندنی سەرجەم ماف و داخوازییەكانی كورد".

 



PM:07:20:14/02/2020