سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە بەشداری کۆسرەت رەسوڵ کۆدەبێتەوە

سبەی شەممە جارێکی تر ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ، بەڵام ئەمجارە بە بەشداری کۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەدەچێت.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" سبەی شەممە لە سلێمانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە، بەبەشداری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی  یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ، بەشداری ناوبراویش دوای ئەو سەردانە دێت کە دوو رۆژ لەمەوبەر دوای قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، هەریەک لە لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامیان دا بۆ ماڵی کۆسرەت رەسوڵ و، لەو دیدارەدا بڕیار درا کۆسرەت رەسوڵیش بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکات".

 
بەشداریکردنی کۆسرەت رەسوڵ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا بۆئەوەیە کە لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات بۆ ئەوەی گرێ و کێشەی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتە بە بەشداری ئەویش چارەسەربکرێت.

 
سەردانی لاهوری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بۆ ماڵی کۆسرەت رەسوڵ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا دوای ئەو نامەیە دێت کە کۆسرەت رەسوڵ ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کردو داوای لێکردن کۆبوونەوەکانیان راگرن، هەرچەندە سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەکانی رانەگرت، بەڵام دوای ئەو سەردانە، بافڵ و لاهور لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ رێککەوتن کە چیتر بەشداری کۆبوونەوەکان بکات.

 
بەپێی زانیاریەکانی " سپی " کۆسرەت رەسوڵ تەنها سبەی بەشداری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دەکات، دوای کۆبوونەوەکەی سبەینێ کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار سەفەرێک بۆ دوو رۆژ دەکەن بۆ وڵاتی ئوردون کە تا ئێستا هۆکار سەفەرکە نەزانراوە، کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیش لەو دوو رۆژەدا دەوەستێت، تا کۆسرەت رەسوڵ دەگەڕێتەوە.


ئەم پێشهاتانەی یەکێتی لە کاتێکدا روودەدەن کە دوو رۆژیشە بەرهەم ساڵح لە بەغدا گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و لەسلێمانییە.

 
کێشەکانی ئێستای یەکێتی لەسەر دەسەڵاتەکانی نێوان ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسیە، هەروەها لەسەر سیستەمی هاوسەرۆکی کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر داوە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح تێبیان لەسەری هەیە.

 


ئه‌م بابه‌ته ‌1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:07:15/02/2020