بكوژێك خۆی ڕادەستی پۆلیسی سلێمانی كرد


پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند" بكوژێك خۆی رادەستکردوون كە لەشاری هەولێر هاووڵاتییەكی كوشتبوو، دوای تەواوكردنی رێكارەیاساییەكان رەوانەی پۆلیسی هەولێر دەكرێتەوە".

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەکردووە" رۆژی ١٤ی شووباتی ٢٠٢٠ كاتژمێر ٧:٣٠ خولەكی بەیانی بەهۆی دەمەبۆڵەوە لەگەڕەكی كرێكاران لەشاری هەولێر كەسێك كوژراو بكوژەكەی هەڵات".

دەشڵێت" دوای ئەوەی پۆلیسی سلێمانی زانیاری پێگەیشت كە بكوژەكە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانی دەستپێكردو ناچار تۆمەتبار (ع ، ق ، م )لەدایكبووی ١٩٩٥ی دانیشتوی گەرەكی دارەتوو لەشاری هەولێر خۆی ڕادەستی مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی كرد".

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند" تۆمەتبار پیشەی سكیورتی بووەو بەچەكی جۆری كڵاشینكۆف تەقەی لەهاوڵاتی (ف) كردووەو كوشتویەتی".

وتیشی" تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەفەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی لەبنكەی پۆلیسی سەرا ڕاگیراوەو دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی پۆلیسی هەولێر دەكرێتەوە".




PM:07:53:15/02/2020