هەنگاو: لە شوشمێ‌ ٧ كۆڵبەری كورد بریندار بوون


ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" یەكێك لەو كۆڵبەرانەی، كە شەوی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار كرا ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا و كۆڵبەرێكی دیكەش بە تەقەی پاساداران گیانی لەدەستداوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە" یەكێك لەو كۆڵبەرانەی شەوی ڕابردوو لە سنووری شۆشمێ سەر بە شاری نەوسوود بە تەقەی هێزەكانی سوپای پاسداران بریندار كرا، لە نەخۆشخانەیەكی كرماشان بە هۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا".

ڕاشیگەیاندووە" كۆڵبەرەكە ناوی (شاهد ئەداك)ەو تەمەنی ٢٢ ساڵە، خەڵكی گوندی ژیوار سەر بە شاری سەوڵاوایە".

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە" لە هەمان ڕووداو كۆڵبەرێكی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵكی گوندی دشە سەر بە شاری پاوە بە ناوی (ئەحمەد سەحرایی) بە سەختی بریندار بووە و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەشڵێت" ٧ كۆڵبەری دیكە بە ناوەكانی شادمان سەیدی، ڕەسووڵ هووشی، تەها سولەیمانی، جەلال نووری و زاهید نوری خەڵكی جوانڕۆ، عەزیم ئەمین زادە و جەبار محەمەدی خەڵكی نۆدشە و پاوە برینداربوون".

ئەمە لەكاتێكدایە، كاتژمیر ٨ی ئێوارەی دوێنێ یەك شەممە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەرزاییەكانی سنووری شۆشمێ سەر بە بەخشێ نەوسوودی شاری پاوە تەقەیان لەكۆڵبەران كرد.

PM:07:58:17/02/2020