" موچەی فەرمانبەران پارێزراوە "

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێكی لەبارەی ئەو ترس و گومانانە بڵاوكردەوە كە گوایە حكومەتی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رادەگرێت، و دڵنیایی دەدات بە مووچەخۆرانی هەرێم كە هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەكانیان نییە.

 

دکتۆر به‌شیر حه‌داد، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆک په‌رله‌مانى عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" چەند رۆژێکە با لەوە دەکرێت، کە گوایە حکومەتى عێراق مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ڕادەگرێت، بەڵام راست نییەو من مووچەخۆرانی هەرێم دڵنیا دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەکانیان نییەو مەترسیشی له‌سه‌ر ناش بیت".  

دەشڵێت" پارەی مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەى بودجەى ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام دەبێت، کەى بودجەى سالى ٢٠٢٠یش هاتە پەرلەمانى عێراق بەدڵنیایی هەوڵی زیادکردنی دەدەین نەک کەمكردنەوەی".

بەشیر حەداد باس لەوەش دەکات" ئەو هەواڵانەی باس لە ڕاگرتنی مووچە لەلایەن بەغداوه‌ ده‌كه‌ن راست نییە، هەرچەندە بارودۆخى سیاسى و ئاسایشى عێراق خراپ بووە، بەڵام لە ڕووى ئابورییەوە عێراق لە هەناردەکردنى نەوت ڕانەوەستاوەو بەردەوامە، بۆیە کێشە لەسەر مووچە و داهات نابێت".

رونیشیکردەوە: عێراق یەدەگێکی باشى پارەی هەیە کە مەزەندەى ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیار دۆلارى ئەمەریکی ده‌بێت و هەر بەم بڕە پارەیەی دەتوانرێت مووچەى خۆى بدات تاکو بارودۆخەکە ئاسایی دەبیتەوە، بۆیە ئێمە دڵنیایی تەواو بە مووچەخۆرانی هەرێم دەدەین کە حکومەتى عێراق لە ناردنى مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت و کێشە دروست نابێت.

 


PM:01:33:18/02/2020