تاڵیبان و ئەمریكا گەیشتنە رێككەوتن

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی تاڵیبان  کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتن ڕاگەیاند و چاوەڕێش دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت. 

مەولەوی عەبدولسەلام حەنەفی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری تاڵیبان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاندووە" رێککەوتنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ واژۆ دەکرێت، رێککەوتنەکەش بە ئامادەبوونی نوێنەری UN   و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشداوە" دوای ڕێککەوتنەکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی ئەفغانستان پێنج هەزار ئەندامی تاڵیبان ئازاد دەکەن و هاوکات تاڵیبانیش هەزار کەس ئازاد دەکات کە لە پێشتردا دەستگیری کردوون". 

باسیلەوەشكردووە" گفتوگۆو دانوسانی نێوان لایەنەکانی ئەفغانستان دوای تەواوکردنی پرۆسەی ئازادکردنی گیراوەکان دەستپێدەکات". 

ئەم سەرکردەیەی تاڵیبان تیشکی نەخستە سەر وردەکاری ئەو خشتە کاتیەی هەردوولا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لەسەری ڕێککەوتوون".
 


PM:06:56:18/02/2020