" سپی " زانیاری لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و گفتوگۆی ماڵباتی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ بڵاودەکاتەوە

وا بڕیار بوو کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ١٨ی شوباتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بێت بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکردن لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەلآم سەردانێکی قوباد تاڵەبانی و مەلا یاسین بۆ لای کۆسرەت رەسوڵ تێکڕای کەشی کۆبوونەوەکە دەگۆڕێت و، لەئەنجامدا بەشێکی کارە دەگۆڕدێت بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی یەکێتی.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی و مەلا یاسین سەردانێکی کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای یەكێتیان کردووەو رێککەوتن لەسەر ئەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەنجام بدرێت، بەرامبەر ئەوەش کۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بکات، هەروەها دەستەیەکی کارگێڕی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێکبهێنرێت لە شاڵاو کۆسرەت، دەرباز کۆسرەت، عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدولآ، بەرپرسێکی یەکێتی  لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە خەڵکی سلێمانی بێت و تا ئێستا دیاری نەکراوە، پێنجەم ئەندام بێت.

 

سەربارەت بەرازیبوونی ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە بکرێن بە دەستەی کارگێڕی تا ئێستا روون نییە کە ئەو پۆستە وەردەگرن، یان ئامادەنین و رەتیدەکەنەوە"، هاوکات تا ئێستا رۆشن نییە ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی( مەلا بەختیار، قادر حەمەجان، مەحمود سەنگاوی، شێخ جەعفەر) رازین بەو رێککەوتنە، یان رەتیدەکەنەوە، لە رۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی ئەمانە رووندەبێتەوە.

 

پرۆسەی دەنگدانی ئەمڕۆ کە لە نەکاو بۆ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدرا، لە رێگای دەستبەرزکردنەوەی ئەنجامدراو سەرجەم ئەندامانی بەشداربوو دەنگیان بە هەردوو کاندیدەکە دا.

 

 

 

 

 

 

 

 



ئه‌م بابه‌ته ‌4378 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:16:18/02/2020