ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكى له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر گوندى چه‌خماخه‌ی سه‌ر به قه‌زای دووبز له پارێزگای كه‌ركوك، بڵاوكرده‌وه.
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه:
راگه‌یه‌ندراوێك له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان به توندی ئیدانه‌ی په‌لاماری تیرۆریستان ده‌كات بۆ سه‌ر گوندی چه‌خماخه‌ی سه‌ر به‌قه‌زای دووبز له پارێزگای كه‌ركوك. كه به‌و هۆیه‌وه چوار هاووڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدبوون و دوو هاووڵاتی دیكه‌ش برینداربوون.
ئێمه له كاتێكدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری شه‌ھید و قوربانییه‌كان ده‌كه‌ین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین. ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه پێویسته هه‌رچی زووه كاری جددی بكرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی له‌و ناوچانه به‌ھۆی نه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه دروست بووه و بۆته هۆی مه‌ترسیی بۆ سه‌ر گیان و ژیانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان.
پێویسته حكومه‌تی فیدرال به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و ره‌سمی سه‌رشانی خۆی به‌رامبه‌ر دانیشتووانی ناوچه‌كه جێبه‌جێبكات كه به‌هۆی ناكارایی ئیداره‌ی پارێزگاكه و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی فره ره‌نگی دانیشتوانییدا دروست بووه.
پێویسته هه‌نگاوی جددی و پێویست بنرێت بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێك له مه‌نزومه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی عیراق.
ھێزی پێشمه‌رگه له نه‌به‌ردی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا، به‌كرده‌وه و به خوێن خه‌ڵكی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی ھه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی پاراستووه، ئێستاش ده‌توانێت به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ھێزه ئیتحادییه‌كان ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌رار بكاته‌وه تاوه‌كو به‌ھه‌موو لایه‌ك رێ له پشێوی ئه‌منی و ته‌رھیب و ته‌عریب بگیرێت.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی ھه‌روه‌ھا نوێنه‌رانی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و تێكڕای نوێنه‌رانی كه‌ركوك له ھه‌موو ئاراسته و پێكھاته‌كان كه به‌ده‌نگ و متمانه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان ھه‌ڵبژێرداون ھان ده‌دا و رایان ده‌سپێرێ ھه‌موو توانای خۆیان له پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش بخه‌نه‌گه‌ڕ و بیكه‌نه ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانیان كه ئێمه له‌و ھیمه‌ته‌یان دڵنیاین و له پاڵپشتی گه‌رم و ده‌ستوبردی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش، له‌ھه‌موو ئاسته‌كان، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه .
ھه‌ماھه‌نگی حكومه‌تی ئیتحادی، كه ئێستا زیاتر سه‌رقاڵی دۆخی به‌غدایه، له‌گه‌ڵ ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان باشترین چاره‌سه‌ره بۆ رێگه گرتن له دزه‌كردنی تیرۆریستان.
نه‌مری بۆ شه‌ھیدانی چه‌خماخه و گشت شه‌ھیدانی ده‌ستی تیرۆر و ته‌ندروستی باش بۆ برینداره‌كان و سه‌ربه‌رزی بۆ خه‌ڵكی خۆراگری چه‌خماخه
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان