بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمڕۆ ٢٠ی شوباتەوە جارێکی تر زۆرێک لە شەقامەکانی ئەو شارە پڕبوون لە ئاو و ئاستنەگیان بۆ هاتوچۆی شۆفێران و هاولآتیان دروستکرد.
هەرچەندە هەولێر بە شاری شەقامە پانەکان و پردە بەرزە فڕکانی هەرێم و عێراق ناسراوە، بەلآم تا ئێستا ئیدارەی ئەو پارێزگایە نەیتوانیووە ئاو و ئاوڕۆی ئەو شارە چارەسەر بکات، ئەمڕۆش لەگەڵ بارینی بارانێک زۆر سەرلەنوێ شەقامەکانی شار پڕبووەوە لە ئاوو بووە ئاستنەگ لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێراندا.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری کوردستان لە واڵی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی "ھەولێر کێشەی ئاوەڕۆی ھەیە، ٢٩ ساڵ حوکمڕانی نەیتوانیوە کێشەی ئاوەڕۆی پایتەختی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، بۆیە بە کاتژمێرێک بارانی بەخوڕ چەندین گەڕەک و شەقامی ئەو شارە ئاوی تێدا کۆدەبێتەوە!".
هاوکات وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە چەند هاوڕێیەکی لە حیزبەکەی لەناو دەمە شۆفڵدا لە شەقامەکە دەپڕنەوە.
ئەمڕۆ وەک پێشبینی دەکرا بارانێکی زۆر لەناو شاری هەولێر و دەوربەری باری.