ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبویەوە، سەركردایەتی یەكێتی بە چوار خاڵ باسی لە وردەكاریەكانی كۆبونەوەكەی كردووە و دەڵێت" باس لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانە كرا كە لەسنوری هەولێر ڕوویداوە كە دیاردەی قێزەونن و دەبێ لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەت چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و ڕێگری بكەن لە دووبارە بوونەوەی ئەم دیاردانە".

 

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ مسته‌فا چاوڕه‌ش، سه‌رپه‌رشتیاری كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی بەشداریان كردوە، مەحمود سەنگاوی تەئكیدی لەسەر ئەوەكردوەتەوە كە یەكێتی لەئەستۆی هەموانەو موڵكی خەڵكی كوردستان و شەهیدەكانەو پێویست ناكات هیچ كەسێت بەشێوەیەكی تر باسی بكات و ئەندامانی كۆبوونەوەكەش پشتیوانیان لێكردووه‌".

وتیشی" ئەو شاندەی یەكێتی كە سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت و لایەنە عیراقییەكان كۆبوونەتەوە، ئەمڕۆش لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیدا ئەندامانی شاندەكە باسیان لەوەكرد كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو وتویەتی دەبێت كاندیدەكان كەسانی بێ لایەن بێت، بەڵام شاندی پەرلەمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كێشەكانیان پێڕاگەیاندوەو پێیان وتوە دەبێت كاندیدەكان حزبەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكەن".

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، راگه‌یه‌ندراوێكی چوار خاڵی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌:

1- سەرەتا وەفدی یەكێتیی كە سەردانی بەغدای كردبوو دواین پێشهاتەكانیان لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق خستەڕوو.

2- دۆخی كەركوك و خانەقین و ناوچە دابڕاوەكان و تاوانی شەهیدكردنی چوار گەنجی كورد لە گوندی چەخماخەی قەزای دوبز خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم دۆخە نالەبارەی لەم ناوچانە هاتووەتە كایەوە.

3- باس لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانە كرا كە لەسنوری هەولێر روویداوە كە دیاردەی قێزەونن و دەبێ لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەت چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و رێگری بكەن لە دووبارە بوونەوەی ئەم دیاردانە.

4- لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی تەواو لە بارەی پڕۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم كراو و سەرنج و تێبینی زۆر خرایە ڕوو بۆ دەوڵەمەندكردنی وەك بەرنامەی كاری ڕێكخراوەیی و ستراتیجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاكو كۆنگرەی پێنجەم.



PM:02:33:20/02/2020