وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر شەهیدكردنی چوار هاوڵاتی گوندی چەخماخە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر رووداوەكانی گوندی چەخماخەی سەر بە دوبز راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئیدانەی تاوانەكە دەكات. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە كە تیایدا هاتووە" شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئەم مانگە، لەئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی ”چەخماخە“ ی سەر بە قەزای دوبز لە ڕۆژئاوای كەركووك، چوار هاووڵاتی بێ گوناح شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون. ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە رادەگەینین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە، هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین".

ئاماژە بەوەشدراوە، لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەمەترسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەوناوچانە و دەرفەتی سەرهەڵدانەوەیان لەئەنجامی ئەو بۆشایە ئەمنیەی هەیە.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە هاتووە" بۆیە رایدەگەینین، ئەرکی حکومەتی عیراق و سوپای عیراق و هێزەکانی ترە کە گیان و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کورد، عەرەب، تورکمان و پێکهاتەکانی تر بپارێزێت و سەلامەتی ئەوان لەئەستۆی ئەو هێزانەدایە کە لەو ناوچانە بوونیان هەیە".

ئەوەشخراوەتەڕوو: ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە خەبات و نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ، بە خوێنی رۆڵە ئازاکانی بەبێ جیاوازی، خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی بە ھەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پاراستووە، بۆ رێ گرتن لەدووبارە بوونەوەی رووداوی لەوشێوەیە داوا دەکەین لەرێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنوڕە پڕبکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ. 

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوەش دەكاتەوە: هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، ئێستاش دەتوانرێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عیراق و هێزە ئەمنیەکان، ئاسایش و سەقامگیری تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بکرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ١٨ ئەم مانگە لە گوندی چەخماخەی رۆژئاوای کەرکوک چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر چەند گەنجێکی کورد و لە ئەنجامدا چوارگەنجیان کوشت سێ کەسی تریش برینداربوون.



ئه‌م بابه‌ته ‌416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:32:20/02/2020