ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو کچۆڵەیەی لە هەولێر دەستدرێژی کراوەتە سەر هەڵدەکشێت

چەند رۆژە زۆرترین بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو کچۆڵەیە بڵاودەکرێتەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە هەولێر دەستدرێژی سێکسی کرایە سەرو، چالاکوانان داوا دەکەن دادگاکان و وەزارەتی ناوخۆ دادوەربێت و تاوانباران حکومی عادیلانەی خۆیان وەرگرن.

 
چالاکوانانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی و رۆشنبیران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی لە فەیسبووک بە سەدان کۆمێنتیان لەسەر ئەو دەستدرێژیە نامرۆیانەیان بڵاوکردۆتەوەو هاوپشتی خۆیان بۆ ئەو خێزانە دەردەبڕن.

 
لە نێو ئەو کەسانەدا، سیروان رەشید سەرنووسەری رۆژنامەی زەمەن لە نووسینێکدا داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێتە سەرخەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات و ئەو تاوانبارانە بدرێنە دادگا و مامەڵەیەکی دادوەرانە لەگەڵ ئەو کەیسەدا بکرێت.

 
سیروان رەشید لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرۆکی حکومەت نووسیوویەتی " من وەک هاونیشتیمانییەکی ئەم هەرێمە.. لە دوێنێ وە هەست بە ئیهانەیەکی گەورە دەکەم کاتێک بیستم باوکی ئەو کیژۆڵە (٨) ساڵانەیەی شاری هەولێر کە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە لایەن گروپێک کەسەوە کە بەحساب وەلائیان بۆ حیزبەکەی بەرێزتان هەیەو دوای لاقەکردنی بەزۆری مناڵە هەشت ساڵانەکە، چەند رۆژێکە، تاوانباران ئازاد کراون". 


سەرنوووسەری زەمەن نووسیوویەتی " ئەم هەواڵە بەرادەیەک نارەحەتی کردووم هەست دەکەم ئەو تاوانە بەرامبەر من و هەموو خەڵکی کوردستان کراوە".


لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت " بەرێز سەرۆک وەزیران؛ هەرچەندە ئەمڕۆ پۆلیسی هەولێر رونکردنەوەی بڵاوکردەوە کە هەواڵەکە ناراستە، بەڵام دام و دەزگای ئەمنی ئەم وڵاتەی ئێمە متمانەی لای خەڵک بەهێز نیە، بۆیە ئەگەر جەنابتان بەخەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵکەوەیت، تکایە خۆت راستەوخۆ وەرە سەر خەت و بە بەڵگەو دۆکیۆمێنتی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی بسەلمێنە کە تاوانباران ئازاد نەکراون! تەنانەت حیزبێکی گەورەی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ لە بەلاغی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیەکەیدا باسی ئەم حاڵەتە دەکات".

 
لە کۆتاییدا سیروان رەشید دەڵێت " ئایا جەنابت دەزانی ئەگەر هەواڵەکە راستبێ و تاوانباران ئازاد کرابن، ئەم سکانداڵە دەبێتە خاڵێکی رەش لە راپۆرتی رەوشی مافەکانی مرۆڤی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەمەش بۆ سومعەی هەرێم و لە پێشەوەش بۆ ئەو کابینەیەی کە جەنابت لە کارنامەکەتدا جەختت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان کردۆتەوە، نەنگی و  حەیاچونێکی گەورەیە..تەمەننام ئەوەیە؛ هەواڵی ئازادکردنی تاوانباران ناراست بێت".

 


PM:12:35:21/02/2020