بەوێنە:پێشمەرگەی ھەولێر پێشەنگی یانەکانی وەرگرت



ئەمڕۆ لەگەڕی پازدەیەمی خولی نایابی کوردستان، پێشمەرگەی ھەولێر میوانداری یانەی زاخۆی کرد و بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر سەرکەوتنی بەدستھێنا و ھاتە خانەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکان.

لەگەڵ فیکەی دەسپێکی یارییەکە، پێشمەرگە بە فشارکردن بۆ سەر تیپی میوان دەستی پێکرد و لەو نیوەیەدا چەندین دەرفەتی گۆڵ تۆمارکردنیان لە ڕێگەی (عەلی عەزیز، فەرھەنگ وریا، گۆران عیماد) لەدەستدا.

لەنیوەی دووەمیشدا، پێشمەرگەی ھەولێر باشتر یاریدەکرد و چەند جارێک نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام بەھۆی پەلە کردنی یاریزانان دەرفەتەکان بەھەدەر دەدران.
یانەی زاخۆی میوانیش زیاتر لەنیوەی یاریگەی خۆی یاریدەکرد و پشتی بە ھێرشی ھەڵگەڕاوە دەبەست لە ڕێگەی ھێرشبەر (لۆکاس سانتۆس) ـی پیشەگەری بەڕازیلی مەترسیان بۆ سەر گۆڵی پێشمەرگەکان ھەبوو.
یارییەکە لە کۆتایی نزیک دەبۆوە و لە خولەکی ٩١ (عومەر سەدام) دوای ھاتنی بۆ ناو یاریگە تۆپێکی لە مەحەمەد سامی وەرگرت و گۆڵی بردنەوەی پێشمەرگەی تۆمارکرد و خۆشی خستە نێو پەیژەکانی یاریگەوە.

بەو ئەنجامەیش پێشمەرگەی ھەولێر خاڵەکانی بوون بە ٢٥ خاڵ و بەسوود وەرگرتن لە یەکسان بوونی نەورۆز ھاتە پێشەنگی یانەکان، یانەی زاخۆیش بە ١٥ خاڵ لە پلەی دەیەم مایەوە.

PM:09:16:21/02/2020