" ژنە کوردێکی خه‌ڵكی بانه‌ تووشی ڤایرۆسە کوشندەکە بووه‌ "

ژنێکی کوردی شاری بانە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.

 

ماڵپەڕی کوردپای ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویکردووەتەوە" کە رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠، بەرپرسانی تۆڕی تەندرووستیی شاری بانە، ژنە هاوڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی "رازی"ـی ئەو شارە خستووەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە".

 

کوردپا له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌  رایگەیاندووە" ئەو ژنە لە یەکێک لە وڵاتانی ئه‌ورووپا گەڕاوەتەوە، پاش پشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووه، لە نهۆمی دووەمی نەخۆشخانەی ڕازی ـی شاری بانە خراوەتە ژێر چاودێڕییەوە".

 

وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە" هاتووچۆی کرێکارانی چینیی هۆکارێک بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ١٩ حاڵەتی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و لەو ژمارەیش چواریان گیانیان لەدەستداوە".

 

بەهۆی بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، هەرێمی کوردستان، عیراق و کوەیت کەوتونەتە ئامادەکاریی بۆ رێگریکردن لە هاتنی ئەو ڤایرۆسە و هەرێمی کوردستان هاتن و چوونی هاوڵاتیانی بۆ ئێران راگرت.

 

 

 

 




PM:09:18:21/02/2020