سلێمانی.. سێ شوێنی دیكە كە دەمامكیان بە گرانفرۆشتووە داخران‌

بەهۆی گرانفرۆشی دەمامكەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سێ شوێنی دیكە دادەخات.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی زیادكردنی نرخی دەمامك لە سەر هاوڵاتیان لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایش و چاودێری بازرگانی سلێمانی سێ شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكی لەشاری سلێمانی دادەخرێت".

وتیشی" لیژنەكان بەدواداچونیان كردوە ئەو شوێنانەی كەداخراون نرخی یەك دەمامكیان لەنێوان (٤ بۆ ١٢) هەزار دینار بەرز كردوەتەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەریەكە لە فرۆشتگاكانی ( دەرون، رێبین و پاشا) لەشەقامی گۆران ( ئۆرزدی)ی شاری سلێمانی دادەخرێن".

رونیكردەوە: زیادكردنی نرخ و گرانفرۆشی سەرپێچی كردنە لەڕێنماییەكانی كاركردن، بۆیە لەلایەن قائیمقامی سلێمانیەوە لیژنە هاوبەشەكان راسپێردراون بەدواداچون بۆ نرخی پێداویستی پزیشكی بەگشتی و دەمامك بەتایبەتی بكەن هەر شوێنێكیش گرانتر لە نرخی ئاسایی خۆی بیفرۆشێت دەسبەجێ شوێنەكەی دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەمەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێك لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی رویان لە كڕینی دەمامك كردوە ئەمەش وای كردوە بەشێك لەو شوێنانەی دەمامك دەفرۆشن ‌بەدەرفەتی بزانن بۆ گرانكردنی نرخەكانیان بەڵام لەسەر فەرمانی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لیژنەكانی قائیمقامیەت رێگری لە گرانبونی‌ دەگرێت.

PM:08:22:23/02/2020