ڤایرۆسی كۆرۆنا چیە؟

كۆرۆنا خێزانێكی گەورە لە ڤایرۆس كە لەچەندین ئەندام و جۆر پێكهاتووە. ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵ و مرۆڤیشدا نەخۆشی دروستدەكا. لە مرۆڤدا چەند ئەندامێكی خێزانی كۆرۆنا بەوە ناسراون كە پەسیو و هەڵامەتی ئاسایی دروستدەكەن. بەڵام هەندێ جاریش نەخۆشی قورستری وەكو سارس. تازەترین ئەندامی ئەم خێزانەش ئەو جۆرەیە كە لەم دواییانە لە چین بڵاوبووەوە و خێرەكە دەگاتە هەموو جیهان. ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ناوی نەخۆشیەكی نا كۆڤید ١٩.

كۆڤید ١٩ چیە؟

كۆڤید ١٩ ئەو نەخۆشییە كە جۆرە تازەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مرۆڤدا دروستیدەكا. ئەم نەخۆشیە لە پێش بڵاوبوونەوەی لە شاری ووهانی چین لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ نەناسراو بوو.

نیشانەكانی كۆڤید ١٩ چین؟

باوترین نیشانەكانی نەخۆشیەكە بریتین لە تا، هیلاكی و كۆكەیەكی وشك. هەندێ لە نەخۆشەكان رەنگە چەند نیشانەیەكی تریان هەبێ وەكو ئازاری لەش، تەڕبوونی لووت، گەرووئێشە یا سكچوون. هەندێ لەوانەی تووشدەبن هیچ نیشانەیەكیان نابێ.

ڕێژەی چاكبوونەوە چەندە؟

٨٠%ی ئەوانەی تووشئەبن بە تەواوەتی چاكئەبنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بەهیچ چارەسەرێك هەبێ.

ڕێژەی حاڵەتی توند چەندە؟

لە هەر ٦ كەس كە تووشی نەخۆشیەكە دەبن یەكێكیان بە سەختی ئەیگرن و تووشی تەنگەنەفەسی ئەبن و ڕەنگە ژیانیان بكەوێتە مەترسیەوە. هەر كەسێك تا و تەنگەنەفەسی بوو دەبێ ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بكا.

كێ بە سەختی ئەیگرێ؟

بە تەمەنەكان رەنگە بەسەختی بیگرن بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەكو شەكرە و ڕەبو و نەخۆشیەكانی بۆڕی هەناسە و فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی دڵ و ئەوانەی بۆ هەر هۆكارێ جۆرە دەرمانێك وەردەگرن كە بەرگری لەشیان كەمدەكاتەوە.

نەخۆشیەكە چۆن ئەگوازرێتەوە؟

كەسێك كە تووشی ڤایرۆسەكە بووبێ بۆی هەیە كەسانی تر تووشبكا. نەخۆشیەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێی وردە دڵۆپەی تەڕی دەم و لووت كە بە كۆكە یا پژمە یا هەناسەدان بڵاودەبێتەوە. ئەم وردە دڵۆپانە لەسەر شتەكانی دەوروبەر دەنیشنەوە. ئەگەر كەسی تر دەستكاری ئەو شتانە بكا كە وردە دڵۆپەكانی لەسەر نیشتووەتەوە و ئەنجا دەستی بەر دەم و لووت یا چاوی بكەوێ ئەوە تووشی ڤایرۆسەكە ئەبێ. هەروەها كەسێك ئەگەر كۆكە و پژمە و هەناسەی كەسی تووشبوو بچێ بەسەریا ئەوا ئەویش تووشدەبێ. بۆیە زۆر گرنگە بەلای كەمەوە بە مەودای یەك مەتر لەو كەسە دووەبكەویتەوە كە پەسیو و هەڵامەتی هەیە.

ئایە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە نەخۆشی كۆڤید ١٩ دروستئەكا لە هەوادا بڵاودەبێتەوە؟

نەخێر. زۆربەی توێژینەوەكان دەریانخستووە كە ڤایرۆسەكە تەنها بەو ڕێگایانە بڵاودەبێتەوە كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.

ئایە دەكرێ نەخۆشیەكە لە كەسێكەوە بگری كە خۆی هیچ نیشانەیەكی نیە؟

بەڵێ بەڵام بە ڕێژیەكی زۆر كەم. زۆربەی ئەوانەی نەخۆشیەكە بڵاودەكەنەوە بۆخۆیان كۆكە و پژمە و پەسیو و هەڵامەتیان هەیە. بەڵام زۆرێك لەوانەی كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن تەنها نیشانەیەكی كەمیان دەبێ و بو سووكی دەیگرن. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە كە ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆت بێ كە تەنها هەندێ نیشانەی كەمی هەیە وەكو كۆكەیەكی كەم. بۆیە گرنگە هەر كەسێ كۆكەی هەبوو دەمامك بەكاربهێنێ.

PM:03:31:25/02/2020