سلێمانی .. نۆ شوێنی دەرمان فرۆشتن داخران

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی نۆ شوێنی دەرمانفرۆشتنیان لە سلێمانی داخست بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕینوماییەکانی وەزارەتی تەندروستی یەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

لیژنە هاوبەشەكان، نۆ شوێنی دەرمان فرۆشتن دادەخات


بەهۆی پابەندنەبونیان بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی نۆ شوێنی فرۆشتنی دەرمانی رێگەپێنەدراو دادەخات.


ئەمڕۆ سێشەممە (2020/2/25) لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لەلایەن لیژنەی تەندروستی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە نۆ شوێنی فرۆشتنی دەرمانی زیاد و كەم كردنی كێش لەگەڵ دەرمانەكانی زیادكردنی توانای سێكسی، داخراون، چونكە مۆڵەتی كاركردنی ئەو شوێنانە بۆ فرۆشتنی دەرمانی گژوگیاییە.


وتی:بەشێكی زۆری پێكهاتەی ئەو دەرمانانە لەوڵاتی ئێرانەوە بەشێوەی نایاسایی و بەشێوەی قاجاخ هێنراونەتە ناو هەرێمی كوردستان.


وتیشی: بەفەرمانی قائمیقامی سلێمانی هەریەك لە (خۆری ئاڵتونی یەك و دو، ستایش، جیهانی ئەعشاب، سیدرا و دیمەشقی كۆن) لەگەڵ دو شوێنی دیكە كە تابلۆیان هەڵنەواسیوە دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان روبەڕ‌وی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.


رونیكردەوە، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە پێشتر هەمو ئەو شوێنانە ئاگادار كراونەتەوە رێگری لە فرۆشتنی ئەو دەرمانانە دەكرێت، هەر شوێنێكیش ئەو دەرمانانە بفرۆشێت رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.


وتیشی: هەمو ئەو شوێنانەی دەرمان دەفرۆشن پێویستە دەرمانەكانیان لەلایەن‌ كوالێتی كۆنترۆڵەوه پشكنینیان بۆ بكرێت و‌ رێگەی هاوردەكردنیان بدرێت و هەر شوێنێك دەرمان به شێوەی ‌نایاسایی بفرۆشرێت روبەڕوی داخستن و رێكاری یاسایی دیكە دەكرێتەوە.


ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، پارێزەری تەندروستی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتیی دەبێت.


راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی



 


PM:11:01:25/02/2020