حکومەتی هەرێم روونکردنەوە لەسەر پشووەکان دەدات

حکومەتی هەرێم روونکردنەوە لەسەر پشوەکانی ناوەندەکانی خوێندن دەدات و تیایدا لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ مانگێک دەکرێت بە پشوو، هاوکات وەزیرە پەیوەندیدارەکان سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی رۆژەکانی پشوو.

 
ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:


دوابەدوای كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەن ژمارەیەك بڕیاری پەیوەست بەپشووی ناوەندەكانی خوێندن دەركرد، لەم بارەیەوە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە لەبارەی ئەم بابەتەوە بخەینەڕوو.


پشووەكان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:


1. لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچە و قوتابخانە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی / ئەهلی) لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2020/2/26 تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 2020/3/10 دەبێتە پشووی فەرمی، و (رۆژانی 11 - 2020/3/23 پشووی ساڵانەی خوێندنە لە بەهار)، و رۆژی سێشەممە 2020/3/24 خوێندن لەو شوێنانە دەستپێدەکاتەوە.


2. لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 2020/2/29 تاوەکورۆژی سێشەممە ڕێکەوتـی 2020/3/31 دەبێتە پشـووی فەرمی (کە رۆژانی 11 - 2020/3/23 لەخۆ دەگرێت وەک پشووی ساڵانەی خوێندن لە بەهار)، و رۆژی چوارشەممە 2020/4/1 خوێندن لەو شوێنانە دەستپێدەکاتەوە.


3. بەڕێزان هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕۆژانەیان هەیە کە بە پشوو ئەژمارکراون بۆ ساڵی خوێندنی 2019 - 2020.


4. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی ڕێکخستنەوەی دەوامی دایەنگە و خوێندنگە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتیان پێ دەدرێت بە ڕەچاوکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە و مەبەستەکانی دەرچوونی.
د.جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 


AM:09:34:26/02/2020