ناتۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی نێوان سوریا و توركیا راگەیاند

ئەمڕۆهەینی لەدوای گرژی و ئاڵۆزیەكانی زیاتری توركیا و سوریا ناتۆ كۆبوەوە و سكرتێری گشتی رێكخراوی ناتۆ پشتیوانی رێكخراوەكەی بۆ توركیا دووپاتكردەوە و داوای راگرتنی هێرشەكانی سەر ئیدلبی كرد.

 

یەنس ستولتنبێرگ، سكرتێری گشتی رێكخراوی ناتۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هاوپەیمانان هاوخەمیی خۆیان بۆ کوژرانی سەربازە تورکەکان دەربڕی و سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و ڕژێمی سووریایان کرد".

 

یەنس ستۆڵتنبێرگ داواشی لە ڕووسیا و سووریا کرد، لە هێرشەکانیان بوەستن و ڕێزی یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، هەروەها پشتگیریی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە.

 

شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشی سوپای سوریا بۆ سەر هێزەكانی توركیا لە ئیدلب، ٣٤ سەربازی سوپای توركیا گیانیان لەدەستدا.

 
 
 


PM:06:44:28/02/2020