پارێزگای هەولێر ژمارەیەك بڕیاری نوێی بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا دەركرد

ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێردا ژمارەیەك بڕیار دەركرا بۆ بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا.

 

بە پێی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر" سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2020.2.29 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا بەئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەند و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و پۆلیس و زێرەڤانی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی تری هەولێر سازکرد."

لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەندبوون و جێێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پێشوتری ڕۆژی 2020.2.26 پارێزگای هەولێر کرایەوە کە تایبەت بوون بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێنمایی و بڕیارەکان بە سەرۆکایەتی قایمقامی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ئەندامیەتی نوێنەرانی شارەوانییەکان و گەشت و گوزار و ژینگەی پارێزی و تەندروستی و پۆلیس پێکبهێندرێت لەناوەندی هەولێر و لە هەر (9) قەزاکانی تری سەر بەسنووری پارێزگای هەولێریش بۆ هەمان مەبەست لێژنەی تایبەت پێکبهێندرێت.

پاشان کۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی پەسندکرد:

1- جەختردنەوە لە نوسراومان ژمارە 274 لە ڕێکەوتی 2020.2.27 پێویستە هەر (10) خاڵی هاتوو لەم نووسراوە جێ بەجێ بکرێت.

2- سەبارەت بەو کافتریا و شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت، دەبێت دەست بە ئیجرائات بکرێت و نێرگەلەکان دەست بەسەر دابگرین و تەلەف بکرێن، ئەگەر هەر شوێنێکیش دووبارە سەرپێچی کرد ئەوە شوێنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دابخرێت.

3- سەبارەت بە جگەرەکێشان لەشوێنە داخراوەکان، جگەرەی ئەلکترۆنی، یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و قەدەغەیە.

4- شوێنی هۆڵی وەرزش کردن و مەلەوانگە و مساج و گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەکو 2020.3.10 بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن، ئەگەر پێویستی کرد بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.

5- دەبێت سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان لێژنەیەک پێک بهێنن بەسەرۆکایەتی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و ئەندامیەتی هەریەک لە (تەندروستی سنوورەکانیان و شارەوانییەکان و پۆلیس و لێژنەی چاودێری بازاڕ و ڤێترنەری، وە ئەگەر هەبێت هۆبەی گشت و گوزار، قایمقام لەسەر ئاستی قەزا سەرپەرشتی دەکات، سەرەڕایی سنووری قایمقامیەتەکەی) لەکاتی پابەندنەبوونی هەر شوێنێکی ئاماژە پێکراو دەست بەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێت.

6- لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحییەکان ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی تێدا (قەرەنتین) کراوە و لەژێرچاودێری تەندروستیدان، سەردان بکەن و هەر شوێنێک گونجاو نەبوو بۆیان، یان کەم و کوڕی هەبوو، دەست بەجێ جێگاکانیان بگۆڕن و لە شوێنێکی شایستەتر و گونجاوتر دابنرێن.

7- لەسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک و مەخمور، تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابینکراوە، دەبێت ئەم تیمانە بەردەوام بن لەو بازگانە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

8- لەلایەن شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار و تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە پێناو خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان، بەوردیی و بە چڕی چاودێری پاک و خاوێنی بازاڕ و ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتیەکان دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت بازاڕ قورغ بکات و نرخی کاڵا و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان گران بکات ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

9- بەهەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکان و ئەهلیەکان قەدەغەیە و ڕێگە نادرێت هیچ کەس سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بکات، هەروەها نەخۆش نابێت لەیەک یاوەر زیاتری لەگەڵ بێت.

 


PM:08:23:29/02/2020