سلێمانی.. چوار كافتریای دیكە داخران

بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەكانی خۆپارێزی بەرامبەر بە ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی چوار كافتریایان داخست.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند" بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەكانی ژووری ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی‌، بە هاوركاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی، چاودێری بارزگانی، گەشتوگوزار و ئاسایشی سلێمانی چوار كافتریای دیكە داخران".

ماڵپەڕی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە: سەرجەم كافتریا و شوێنەكانی نێرگەلەكێشان، هۆڵەكانی وەرزش، مەلەوانگە، خواردنەوە مەستییەكان‌، بلیارد، گازینۆ، سەنتەرەكانی یارییە ئەلیكترۆنیەكان ئاگاداركراونەتەوە‌ بە‌ بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی خۆپارێزی لە نەخۆشی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی تا كاتێكی نادیار دادەخرێن، هەرشوێنێكیش سەرپێچی بكات دادەخرێت.

AM:11:52:02/03/2020