مه‌سرور بارزانی په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی راپه‌ڕین بڵاوكرده‌وه‌

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و راپەڕین بە وەچەرخانێکی مێژووی بەرامبەر بە ستەم و داگیرکاریی ناودەبات.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵ بەسەر راپەڕینی مەزنی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991  تێدەپەڕێت . بەم بۆنە شکۆدارەوە ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

راپەڕینی شکۆداری 1991 وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکوڵیکردن لە مافە رەوکانی رەتدەکاتەوە.

راپەڕینی مەزنی ئاداری 1991 ، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو چین و توێژ وپێکهاتەکانی کوردستان بوو ، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی 1991 ە کە پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و  یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین. 

ساڵیادی راپەڕینی ئاداری 1991 پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/5

 



PM:03:38:05/03/2020