ئیدلب ئەردۆغانی گەیاندە لای پوتین

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ی ئاداری ٢٠٢٠ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی مۆسكۆی پایتەختی رووسیای كردوە و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی، سەرۆكی رووسیا كۆبووەوە.

 

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا رایگەیاند" سەربازانی روسیا و سوریا ئاگاداری پێگەی سەربازانی تورکیا نەبون، کاتێک بۆردومانی ناوچەکانی ئیدلیبیان کردوە، بەهۆیەوە دەیان سەربازی تورکیا کوژراون".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد" لەسەر داوای  ئەردۆغان ئێمە ئامادەیمان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ دەربڕیوە، لەپاش ئەم گفتوگۆیە ئەوەی کە رودەدات لە ئیدلیب دەکەوێتە ئەستۆی روسیا و تورکیا".

هاوكات لای خۆشییەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی" گومانی تێدا نییە گفتوگۆی ئەمڕۆمان لەبارەی ئیدلیبەوە چارەنوسسازدەبێت".

باسیلەوەشكرد، ئێمە لەو باوەڕەدان ئاستەنگی لەبەردەمیاندا بەهێز کردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتە، بەم نزیکانە ئەو ئاستەنگییەش تێدەپەڕێنین.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، ٢٧ی مانگی رابردوو سوپای سوریا بۆردومانی چەند پێگەیەکی سەربازی تورکیای کرد لە پارێزگای ئیدلیب، بەهۆیەوە ٣٦ سەربازی تورکیا کوژران ئەوەش كاردانەوەی توركیای بەدوای خۆیدا هێنا و چەند پێگەیەكی سوریای بۆردومانكرد و هەروەها سنورەكانی بەرووی پەنابەرانكردەوە.

 


PM:04:57:05/03/2020