فەتوای قەڵادزێ لە بڕیارەکانی حکومەت یاخی دەبێت
سبەی بە جەماعی نوێژی هەینی دەکەن

لیژنەی فەتوای پشدەر ( قەڵادزە ) لە فەرمانەکانی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی فەتوای پارێزگا یاخدەبێت و بڕیار دەدات سبەی هەینی ٦ی ئازار نوێژی هەینی لەسەرجەم ناوچەکەدا بە جەماعی بکەن.

 
لە راگەیەندراوێکدا لیژنەی فەتوای پشدەر لەبارەی نوێژی هەینیەوە دەڵێن" پێمان وایە لە پشدەر هیچ عیللەتێکی شەرعی نیە بۆ ئەوەی نوێژی جومعە ڕابگیرێ".
لەو راگەیەندراوەدا لیژنەی فەتوای پشدەر دەڵێن لە دوو حاڵەتدا نوێژ رادەگرێن" ئێمە لە دوو حاڵەتدا نوێژی جومعە ڕادەگرین:یەکەم/ ئەگەر بڵاوبونەوەکە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدارو لیژنەی باڵای فتوا فتوای ڕاگرتنی دا.دووەم/ هەر کاتێک سەرجەم شوێنە گشتیەکان داخران و جموجۆڵی بازاڕەکان وەستان و خەڵکی بۆ هیچ بۆنەیەکی تر تێکەڵی یەکتر نەبوو".



راگەیاندراوی لیژنەی فتوای پشدەر لەبارەی ڕاگرتنی نوێژ هەینی ..

 
ئەمڕۆ پێنج شەممە بەرواری ٣/٥/٢٠٢٠ بە ئامادەبوونی سەرجەم وتاربێژانی پشدەر لە بارەگای لقی پشدەری یەکیەتی زانایان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدرا دەربارەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ ڕاگرتنی نوێژی هەینی. دوای گفتوگۆیەکی چڕو پڕ بە کۆی دەنگ بڕیادرا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
١- پێمان وایە لە پشدەر هیچ عیللەتێکی شەرعی نیە بۆ ئەوەی نوێژی جومعە ڕابگیرێ. 
٢- ئێمەی زانایانی ئاینی حکومەتی هەرێم بە حکومەتی خۆمان دەزانین، خۆمان بە دڵسۆزی گەلی کوردو خاک و نیشتیمان دەزانین، بەڵام بڕیاری حکومەت بە ڕاگرتنی نوێژی هەینی بە بێ ڕاوێژی پسپۆرانی ئاینی دراوەو پێچەوانەی فتوای لیژنەی باڵای فتوای هەرێمە، لەبەر ئەوە لە دەڤەری پشدەر نوێژی جومعە ئەنجام دەدرێ . بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە:
یەکەم/ ئەو مزگەوتانەی شوێنی کراوەیان هەیە لە شوێنە کراوەکە نوێژو خوتبەی جومعە بکەن.
دووەم/ مامۆستایان لە ڕێگەی خێر خوزانەوە هەوڵ بدەن دەمامک و سپڕای تەعقیم بکڕن و دابەشی بکەن بەسەر نوێژخوێنان داو دەستی نوێژخوێنان تەعقیم بکەن. هەرکەسێکیش لە ماڵەوە دەمامکی هەیە خۆی دەمامک بکات.
سێهەم/ موسڵمانان لە ماڵەوە خۆیان بشۆرن و دستنوێژ بگرن و تۆقە و موعانەقە نەکەن و یەکتر ماچ نەکەن.
چوارەم/ وتارەکان کورت بن و نوێژخوێنان هان بدرێن بۆ پەیوەست بوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان و تەوبە و ئیستیغفاڕو دوعاو پاڕانەوەو گەڕانەوە بۆ لای خودا.
پێنجەم/ لە دوای ڕکوعی دووەم قنوتی نەوازل بخوێنرێ.
شەشەم/ ئەو کەسانەی نیشانەیەک لە نیشانەکانی کۆڕۆنایان لێ دەرکەوتووە یاخود تێکەڵاوی کەسانێک بوون کە لە ئێران گەڕاونەتەوە حەرامە بێن بۆ نوێژی جومعەو جەماعەت.
حەوتەم/ ئەو کەسانەی ترسیان لەو ڤایرۆسە هەیە ڕوخسەتیان هەیە بەشداری نەکەن.
تێبینی/ لە دوو حاڵەتدا نوێژی جومعە ڕادەگرین:
یەکەم/ ئەگەر بڵاوبونەوەکە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدارو لیژنەی باڵای فتوا فتوای ڕاگرتنی دا.
دووەم/ هەر کاتێک سەرجەم شوێنە گشتیەکان داخران و جموجۆڵی بازاڕەکان وەستان و خەڵکی بۆ هیچ بۆنەیەکی تر تێکەڵی یەکتر نەبوو.
لە کۆتایدا / لە خوای گەورە داواکارین کوردو کوردستان و موسڵمانانی جیهان بپارێزێ.
.......................... ڕاگەیاندنی لق

 


PM:07:49:05/03/2020