بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی نەخۆشخانەیەك تایبەت دەكات بەپشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و یاریەكانی ئۆكەی و دۆمینەش لەكافتریاكان قەدەغە دەكات.
لەراگەیەندراوێكدا، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد" لەمەودوا نەخۆشخانەی عەلی ناجی لە شاری سلێمانی لە خزمەت هاوڵاتیان دەبێت بۆ شیكاری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەتایبەت ئەوانەی كە لە ئێران گەڕاونەتەوە و دەیانەوێت دڵنیابنەوە لە تەندروستیان".
ناوبراو ئاماژەى بەوەکردوە" بڕیاردراوە بەمەبەستی خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرجەم كافتریاو چایخانەو شوێنە گشتیەكان یاری ئۆكەی و دۆمینە قەدەغە بكرێت، هاوكات بازاڕی دۆلارە كۆنەكەش دابخرێت".
ئەمە لەکاتیکدایە، دوێنێ پێنج شەممە ٥ی ئاداری ٢٠٢٠ لە بەیاننامەیەكدا، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند" سێ حاڵەتی دیكەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كراون، دووان لە حاڵەتەكان لە كەركووك و سێیەمیان لە پارێزگای واست تۆمار كرابوو".