وەزارەتی تەندروستی هەرێم: زیاتر لە 500 کەس له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و خۆیان شاردوه‌تەوە

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند" تا ئێستاز زیاتر له‌ 500 كه‌س كه‌ له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌".

د. محه‌مه‌د خۆشناو، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامارەکانی نەخۆشی کۆرۆنا و گومانلێکراوان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" دواترین داتا لەسەر ژمارەی کەرەنتین کراون کەم بوه‌تەوە بۆ دوو هه‌زار و 117 کەس، چونکە 526 کەس دەرچوون لە کەرەنتینەکاندا دوای ئەوەی پشکنینیان خاوێن دەرچووه‌، کۆمەڵێک رێنمایی تەندروستی تریشیان پێدرا، کارتێکیشیان پێدراوە کە ئەمانە کەرەنتین کراون، 22 کەسی نوێ هەر ئەمڕۆ کەرەنتین کراون، شوێنەکانی کەرەنتین 30 شوێنە لە کوردستان، بۆ ئەمڕۆ نۆ کەسی گومان لێکراو هەبوو".

د. محەمەد خۆشناو ئەوەشی وت" تائێستا هه‌شت حاڵەتەکەی سلێمانیمان هەیە، جگە لەو مامۆستا ئاینییەی کە وەفاتی کرد، حه‌وت کەسی تر دۆخی تەندروستیان جێگیرە، تەنها لەژێر چاودێری پشکنیندا دەمێننەوە". 

وتیشی" توشبوونی ئەو مامۆستا ئاینیـیە پشتڕاستکراوەتەوە، توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی کە بە تەمەنن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، مەترسی ژیانیان زۆر لەسەرە. هەر لە هەمان خێزانی ئەو مامۆستا ئاینییه‌ دوو کەسی دیکەش پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەوانیش هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن، ئێمە ناتوانین بیسەلمێنین کە ئەو مامۆستایە سەردانی وڵاتی ئێرانی کردووە، بۆیە ئەمەش رێکارە تەندروستیەکان بۆ ئێمە توندتر دەکات".

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد" بەپێی ئەو داتایانە ژمارەی ئەو کەسانە لە 500 کەس تێپەڕیکردووە، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لەناو کۆمەڵگەدا دەسوڕێنەوە کە ئێمە بە مەترسی ئەیانبینین لەسەر کۆمەڵگە".

"بە راشکاوی کە کەسێک لە ناوچەیەک گەڕابێتەوە کە پەتای تیادا بڵاوبووبێتەوە و پشکنینی بۆ نەکرابێ، ئەوا بە مەترسی دادەنرێت بۆ کۆمەڵگە، ئێمە وا هەڵسوکەوت دەکەین کە ئەو کەسە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە تا دەگاتە لای ئێمە، ئەوەی پێمان کراوە داخستنی هەموو شوێنە گشتیەکانە، کۆبوونەوە سیاسی و تەنانەت کۆبوونەوە زانستیەکانیش هەروەها داخستنی مزگەوت و شوێنە ئاینیـیەکانە بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتن هەبێت، ئەم دوو هەفتەیە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئەگەر ئەو کەسانە خۆیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هاوکار نەبن هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بن ئەوا کارەسات روودەدات"، د. محه‌مه‌د خۆشناو وای وت.

راشیگەیاند" بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر تێکڕا وەربگیرێت کەسی توش بوو بە ڤایڕەسی کۆرۆنا دەکرێت سێ بۆ چوار کەسی دیکە توش بکات، واتە ئەو کەسانەی خۆیان حەشارداوە هەمان مەترسیان هەیە".

د. محەمەد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە مەترسی ئەو کەسانەمان ئاشکراکردووە بۆ حکومەت و لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەمیشە ئەو حاڵە باس دەکرێتەوە، هەموو هاوڵاتیانیش ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی وەک چاوی ئێمە ئەو کەسانە ببینن و ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام شتێک نیە لە 100% کۆنترۆڵ بکرێت، ئێمە زۆر بە مەترسی ئەبینین، داواکاریمان لەو کەسانە هەیە (کە بە قاچاخ لە ئێران گەڕاونەتەوە و خۆیان رادەست نەکردووە، هاوکاری خاو و خێزانی خۆیان بکەن دواچارەش ئەوەیە کە لانی کەم خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتیین بکەن ئەگەر لەگەڵ ئێمە هاوکار نابن با بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان سنوردار بکەن و هیچ کەسێک نەبینن تا ئەو دوو هەفتەیە تێدەپەڕێت.

سەبارەت بە هاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، د. محەمەد خۆشناو وتی" رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەر لەسەرەتای دروستبوونی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بوونی هەیە ئەوان لە رێگەی رێنمایی و رێکارە زانستیـیەکان زۆر پاڵپشتی ئێمە دەکەن و دواترین زانیاریمان پێ دەدەن لە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستیش هاوکارمان بوون و راهێنانیان بۆ کردینەوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی" سەبارەت بە داوودەرمان، داوامان پێشکەش بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکانمانیان نەداوەتەوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێک پێداویستیمان بۆ دابینکراوە لە هەندێک شوێنی دیکە لەوانە لەلایەن باڵیۆزی چینەوە بڕێک لەو کەلوپەلانەیان بۆ دابینکردووین، هەروەها وەزیری تەندروستی کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ باڵیۆزەکان و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی باسی هەلومەرج و باری ئێستای کۆرۆنایان بۆ باسکراوە بۆ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بە هاوکاری ئەوان بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببێتەوە".

د. محەمەد خۆشناو سەبارەت بە ئەگەری راگه‌یاندنی حاڵەتی لە ناکاو لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت" لەبەر ئەوەی حاڵەتەکان هه‌شت کەسن لە ئێستادا باوەڕناکەم پێویست بە حاڵەتی لەناکاو بكات بەڵام ئەگەر هاتوو ترسناکیەکە بەرزتر بێتەوە یاخود بزانیین ئەو رێکارانەی گرتوومانە حاڵەتەکە کۆنتڕۆڵ ناکات، دوای ئەوە دەتوانیین باری لەناکاو رابگەیه‌نین ئەگەر پێویست بکات دەوام بەیەکجاری رادەگرین".

خۆشناو ئەوەشی روونکردەوە" بە شێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوە زانستیەکان پێمان دەڵێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بە شێوەیەکی سەرەکی دوای تێپەڕبوونی مانگی سێ، تووندی ئەم پەتایە کەم دەبێتەوە و دەتوانرێت باش کۆنتڕۆڵ بکرێت ئەگەر بێت و ئەم جۆرە ڤایرۆسە هیچ جۆرە گۆڕانکاریەکی بۆماوەیی بەسەر نەیەت، بۆ ئەوە هیوایەک هەیە، بەڵام پێویستە وا هەڵسوکەوت بکەین ئەم پەتایە بە خۆپارێزی نەبێ لەناوناچێت".
 


AM:11:30:06/03/2020