بۆ هەفتەی داهاتوو پزیشکێک پێشبینی مەترسیدار دەکات لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان



د. رەوەند عەبدولڕەحمان پێشبینی دەکات لەهەفتەی داهاتوودا لە هەرێم ژمارەیەکی بەرچاو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.

 
ئەو لە نووسێنێکدا بە ناونیشانی " بۆ ترساندن نییە ، بەس تکایە با زیاتر ئاگاداری خۆمانبین"، نووسیوویەتی "هەفتەی داهاتوو چی روودەدات؟"، بەپێی توێژینەوەکان بێت ئێمە لە خەتەرییەکی زۆر داین، وێڕای قاچاغ و هاتنەوە بە قاچاغ و واستە، تاوەکو ئێستا هاتووچۆ و هێڵەکانی ئاسمانی نەوەستێنراون لەنێوان هەرێم و بەغدا و نەجەف و تاران".

 
ئەو پزیشکە دەڵێت " سەرەتای هەفتەی داهاتوو نیشانەکان دەردەکەون! تاوەکو نزیکەی ۱۱ هەفتە بەردەوام دەبێت ئەم ڤایرۆسە! زۆری تێکەڵاوی خەڵک و پابەندنەبوونی هاووڵاتییان و قەدەغەنەکردنی هاتووچۆی هاوڵاتیان لەوانەیه ۱٤ ڕۆژی داهاتوو سەدان کەسی تووشبوو تۆمار بکرێن!".


د. رەوەند عەبدولڕەحمان لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت" بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم کە پشکنین بۆ گومانلێکراوان کراوە نزیکی لە هەموو ۱۰۰ کەس ۵ کەس نەخۆشیەکەیان هەیە! چونکە هەموومان گومانمان لێ دەکرێت لەبەر هۆکارەکانی سەرەوە".
ئەو پێشبینی دەکات " ئەگەر وابێت دەبێت دوو هەفتەی داهاتوو ۲۵۰۰۰۰ دووسەد و پەنجاهەزار کەس تۆمار بکرێت!".


ئەو دکتۆرە دەڵێت "ئێستا مانەوە لە ماڵەوە و پژمین و کۆکە جێگای بەبایەخترین نیشانەکان بێت و کلێنکس بەکار بهێنن و هەموو کات دەستەکانت بشۆیت و هەرگیز بە دەستی نەشۆراوت دەست لە جل و دەسکی دەرگا و مۆبایل مەدە، مۆبایل لە دەرەوە مەهێننە ژوورەوە تاوەکو بە سپڕای ئەلکهول تەعقیمی ئەکەیت! ئینجا دەست و دەموچاوت دەشۆیت و بە خاولی تایبەت یان ئەگەر کرا بە کلێنکسی تایبەت ووشکی بکەرەوە و فڕێیبدە سەبەتەیەکی تایبەت لە دەرەوە!".

 
لەکاتی نیشانە دەرکەوتندا، د. رەوەند عەبدولرەحمان دەڵێت "ئەگەر نیشانەکانت تێدا دەرکەوت هەرگیز مەیە بۆ نەخۆشخانە و لەڕێگەی هێڵی تەلەفۆنەوە ڕێنمایی وەربگرە بۆئەوەی کەمترین بەرکەوتنت هەبێت! پزیشکان و کارمەندان لە خەتەری یەکەمدان، هیوادارین خەڵکی ئەمجارە بابەتەکە بە گرنگ بزانێت و وا دای بنێت هەموو کەس لێییەتی تاوەکو ۲ مانگی تر بابەتەکە تێدەپەڕێنین٫ ئەگەرنا لەکۆڵمان نابێتەوە تاوەکو هەزاران نەکاتە قوربانی ! چونکە دەرمان و بێدی نەخۆش و هەناسەی دەستکرد (Ventilator) لە شارەکان هەمووی ناگاتە ۱۰۰ دانە بە ئەهلییەکانیشەوە!".

 
لە کۆتاییدا دەڵێت "ژمارەی کارمەند و پزیشک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخێکی وەها کە ئێستا ئێران تێیکەوتووە یەجگار کەمە و ئەبێت هەموومان ژیانمان بکەینە قوربانی چونکە نە قەڵغان هەیە نە دوژمنەکەشمان لێدیارە، تکایا ئێمەش مەکەنە قوربانی سەردانیکردنتان و بازاڕکردنتان و ئاهەنگ و پرسەکان و جومعە و جەماعەتەکانتان لەم دوو مانگەدا".

 
دوا وشەشی د. رەوەندە دەڵێت "ئەوانەی باسکران بەپێی توێژینەوەکانی ترە و بۆیە تەنها پێشبینییە و تەنها خودا دەزانێ سبەی چی دەبێت !".

 


PM:02:52:06/03/2020