دەنگی پارتی‌و یەکێتی‌و کۆمەڵ لەهەڵکشانە‌و
گٶڕان‌و یەگرتوو روو لەداکشانە

بەگوێرەی ئەنجامە بەرایەکانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم کە لەلایەن لیستەکانەوە بلآودەکرێتەوە، دەنگەکانی پارتی‌و یەکێتی روو لەهەڵکشانە‌، هەرچی دەنگی گۆڕان‌و یەکگرتوە بەبەراورد بەهەڵبژاردنی 21 ئەیلولی 2013 روو لەداکشانە.
بەپێی ئەو زانیاریە سەرەتایانەی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڵاوەدەکرێنەوە، دەنگی پارتی لەناوچەکانی پارێزگای موسڵ‌و قەزا‌و ناحیەکانی هەولێر‌‌و سەرجەم ناوچەکانی پارێزگایی سلێمانی روو لەهەڵکشانە.
هەروەها دەنگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سەرجەم پارێزگای هەولێر بەشاری کۆیەشەوە روو لەهەڵکشانە‌، لەسلێمانیش لەقەزایی قەڵآدزێ‌و رانییە‌و چەمچەماڵ‌و کفری‌و هەڵەبجە‌ روو لەزیادبونە.
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەنجامە بەراییەکان بەئاشکرا ئەوە دەردەخەن کە دەنگەکانی لە سەرئاستی پارێزگایی هەولێر رووی لەنزمبونەوەیە، لەسەر ئاستی پارێزگایی سلێمانیش لەقەڵآدزەو رانییە‌و هەڵەبجە روو لەداکشانە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەهەڵبژاردنی رابردودا لەسەر ئاستی پارێزگایی سلێمانی هێزی سێهەم بوو، ئێستا بەرێژەیەکی بەرچاو دەنگەکانی هاتۆتە خوارە‌و بۆتە هێزی چوارەم لەسەر ئاستی ئەو پارێزگایە، ئەمە جگە لەوەی لەزۆر شوێنی تریش لە کوردستان دەنگەکانی هاتۆتە خوارەوە.
هەرچی کۆمەڵی ئیسلامیشە ئەوەی دەبینرێت دەنگەکانی جێگیرە‌و گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیەوە، ئەگەرچی لەچەند شوێنێکی شاری هەولێر‌و سلێمانی دەنگی زیادی کردوە.


PM:06:10:01/05/2014