"ئەمشەو شەوێكی هەستیارە لەژیانی خەڵكی سلێمانیدا"

ئەمشەو 1-2 ئایار شەوێكی هەستیارە لەژیانی سلێمانییەكان‌و هێزە سیساییەكانی، بەتایبەتی یەكێتی‌و گۆڕان.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا ئەمشەو دوا شەوە كەدەنگدانی گشتی پارێزگاكانی كوردستان لە سلێمانی‌و هەولێر‌و دهۆك دەمێنێتەوە‌و بەیانی دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا كۆمەڵێك بنكەی كۆكردنەوەی دەنگدان لە سلێمانی هەیە كە ئەگەر ئەمشەو بەهێمنی بڕوات‌و رووداوی وەك كارگەی (ئەلبیسەكە) كە لەمانگی ئەیلولی 2013 دا روویدا دووبارە نەبێتەوە، ئەوا دەتوانرێت بوترێت كە پرۆسەكە لەو پارێزگایە تا ڕادەیەكی باش سەركەوتنی بەدەسستهێناوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر هەر شتێك رووبدات رەنگە بارودۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپ بڕوات.
لە ناو شاری سلێمانی كۆمەڵێك بنكەی كۆمسیۆن هەیە كە كۆكردنەوەی دەنگدان‌و ئیستمارەی دەنگدانەكانی تێدایە كە لایەنەكانی گۆڕان‌و یەكگرتوو‌و كۆمەڵ مەترسی ئەوەیان هەیە كە كاری ساختەكاری تێدا ئەنجام بدرێت.
ئەو بنكە گرنگ‌و هەستیارانەی دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی تێدایە بنكەی (هوانە) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی سلێمانی، كە ئیستمارە‌و سندوقەكانی دەنگدانی گشتی پارێزگای لێیە. هەروەها قوتابخانەی هەڵگورد عارف لە باكوری سلێمانی كە دەنگدانی تایبەتە كە دەنگی پەرلەمانی عێراق‌و دەنگی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشی لێیە. دەنگەكانی پەرلەمانی عێراق كە دەبێت سەرلەنوێ‌ هەژمار بكرێنەوە لەسێ‌ جێگایە (بنكەی راپەڕین‌و ئەلبیسەكە ‌و بنكەی ئاشتی).   
      



AM:12:38:02/05/2014