ئۆجالان: مێزی تورکیا لەسەر ٢ قاچە، ببنە قاچی سێیەم

دوای هەشت مانگ لە رێگا نەدان بە چاوپێکەوتنی، لە دیداری لەگەڵ محەمەد ئۆچ ئالان برای، عەبدوڵا ئۆج ئالان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، دەڵێت "ئەگەر نەبنە هێز کەس ناتوانێت کێشەکانتان چارەسەر بکات، مێزی تورکیا لەسەر دوو قاچە، پێویستە ببنە هێز و بۆ ئەوەی ئەو مێزە نەکەوێت پێویستە ئێوە ببنە قاچی سێیەم".

 
"سپی" دەقی ئەو دیدارەی محەمەد ئۆچ ئالان بڵاودەکاتەوە کە لەگەڵ براکەیدا سازیکردووەو وەک هەموو جارێکی دوای تەواوبوونی دیدارەکە لە زاری ئەوەوە قسەکانی عەبدوڵا ئۆچ ئالان بڵاودەکرێتەوە.

 
ئەمە دەقی قسەکانیەتی کە لەمیدیاکانی نزیک پەکەکە وەرگیراوەو، ماڵپەڕی " سپی میدیا " وەک خۆی بڵاویدەکاتەوە:
 
محەمەد ئۆجالان، ناوەرۆکی دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشکراکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئۆجالان لە بەشێکی دیدارەکەیدا ڕایگەیاندووە: ئەگەر نەبنە هێز کەس ناتوانێت کێشەکانتان چارەسەر بکات، مێزی تورکیا لەسەر دوو قاچە، پێویستە ببنە هێز و بۆ ئەوەی ئەو مێزە نەکەوێت پێویستە ئێوە ببنە قاچی سێیەم. 

دوای هەشت مانگ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی لەگەڵ خانەوادەکانیان لە دوورگەی ئیمرالی دیداریان ئەنجامدا، محەمەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد لەسەر دیدارەکە لەگەڵ ئاژانسی مەزۆپتامیا قسەیکرد. 

 
محەمەد ئۆجالان، وتی: نزیکەی هەشت مانگە نەمانتوانیوە چاوپێکەوتن بکەین، بۆ ئەوەی هەر ١٥ ڕۆژ جارێک دیدار ئەنجامبدرێت، لە ڕێگەی پارێزەرمانەوە سەردانی داواکاریی گشتی بورسامان کرد، بەڵام وەڵاممان نەدرایەوە، یان بیانویەکی جیاوازییان دەهێنایەوە، دوای ئەوەی لە دوورگەکە ئاگر کەوتەوە، داواکاریی دیدارمان قبوڵکرا. 

 
محەمەد ئۆجالان، ئاماژە بەوەشدەکات کە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە لە ڕێگەی پارێزەرانەوە ئاگادار کراوەتەوە و لەگەڵ براکانی عومەر خێری کۆنار و ڤەیسی ئاکتاش چوونەتە ئیمرالی، باسی ئەوەش دەکات کە پشکنین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاسایی نەبووە و بە جۆرێک سووکایەتی پێناسەی دەکات کە قبوڵکراو نییە، هەموو سەربازەکان بە دەمامک و چەکەوە لەوێ بوون وەک ئەوەی باری نائاسایی بێت و دەڵێت: دوای ئەوەی چووینە ناو زیندانەکە لە خانەوادەکانی دیکە جیا کرامەوە و نزیکەی ١٠ خولەک چاوەڕێم کرد، دوایی بانگیان کردم و لە ئامێرێکی ئێکسڕەی "x-ray" چەندجار تێپەڕیم، چومە ناو هۆڵەکە و چاوەڕێم کرد تا سەرۆک بێت، دوای جموجوڵیک لەو ناوە زانیم سەرۆک هاتووە، سەرۆک هات، تەوقەی لەگەڵما نەکرد، وتی؛ ئاگادار کراومەتەوە کە سەرمات خواردووە، بۆیە تەوقەت لەگەڵدا ناکەم، بە پاسەوانەکەی وت: "باوەڕم وایە چاوپێکەوتنەکەمان کاتژمێر و نیوێک درێژەی دەبێت، وا نییە؟ بەڵام پاسەوانەکە شتێکی نەوت، ئێمەش دەستمانپێکرد. 

 
لە بەردەوامیدا محەمەد ئۆجالان دەڵێت: سەرۆک پرسیاری ئەوەی کرد کە چۆن هاتی؟ هۆکار چی بوو؟ منیش وتم: لێرە ئاگر کەوتووەتەوە گەل و ڕێکخستنەکان چالاکییان ئەنجامداوە، باوەڕم وایە کە بۆیە، سەرۆک وتی: بەڵی بەڵام کاریگەریی لەسەر ئێمە نەکردووە، دوایی وتی: هەندێک شتت لێدەپرسم، بە جەوهەری وەڵامم بەرەوە، بە قورسی قسەیکرد، لەسەر چارەسەریی کێشەی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆچوونی دەرەوە پرسیاری کرد، وتی: بۆ چارەسەری کێ وەک هێز دەبینن و باوەڕتان وایە کێ چارەسەری دەکات و داوایکرد بەبێ شرۆڤە وەڵام بدەم. 

 
محەمەد ئۆجالان دەڵێت: لە وەڵامدا وتم: گەلەکەمان لە ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست لە سەدا ٨٠ تا سەدا ٩٠، دەڵێن سەرۆک ئۆجالان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، ئەویش وتی: "بەڵێ ئەمە دەزانم، کێشەی ئێمەیە، بۆ چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست پێویستە بە پێوان کار بکەین"، لەسەر ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان قسەیکرد و هەروەها وتی: دەزانم هەدەپە کۆنگرەی بەڕێوەبرد، منیش وتم: بەڵی زۆر کەس بەشداربوون، لە دەرەوەی وڵاتیش زۆر کەس هاتبوون، کۆنگرە باش تێپەڕی، سەرۆک بە تایبەتی وتی: ئەگەر لە ناوچەکە نەبنە هێز، لە تورکیا مێزێک لەسەر دوو قاچ هەیە، لەناو بزوتنەوەی ئێوەش هێزی چەپڕەو هەیە کە زۆربەی کوردن، گەلانی دیکەش هەن، پێویستە ببنە یەکێک و لەوێیەوە ببنە هێز، ئەگەر مێزەکە سێ قاچی هەبێت ناکەوێت، مێزی دوو قاچ، سیستم چەندە هەوڵیشی بۆ بدات هەر دەکەوێت، بۆیە هەوڵەکانی ئێمەی کورد قاچی سێیەمە، بۆ ئەوەی قاچی سێیەم دروستبێت بەهێزبوونی پێویستە، پێویستە کەس و کەسایەتییەکان، نەک بۆ خۆیان، بەڵکو خزمەت بە ڕێکخراوەکان و گەلی خۆیان بکەن. 

 
پێویستە خزمەت بە گەل بکرێت

 
محەمەد ئۆجالان، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆک نیوەی چاوپێکەوتنەکە، شرۆڤەی لەسەر ڕێکخراوەکان کرد و دەڵێت: سەرۆک وتی: با کەس و کەسایەتییەکان، نەک بە خۆیان، بەڵکو خزمەت بە ڕێکخراوەکان و گەلی خۆیان بکەن، زۆر سڵاوی بۆ ڕاگەیاندنەکان هەبوو و وتی: "ڕاگەیاندنەکان بەهێز بکەن، هاوکارییان بکەن، بۆ هەموو هەڤاڵانی ڕاگەیاندن زۆر زۆر سڵاو دەنێرم، پێویستە گۆڤارەکان و تەلەفزیۆنەکان بەهێز بکرێن". 

 
کێ بەهاکان بەکاربهێنێت، لێی نابوورم

 
محەمەد ئۆجالان هەروەها دەڵێت: لەسەر هەدەپە، سەرۆک زۆر سڵاوی بۆ هاوسەرۆکانی پێشووی نارد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و گرێدراوی پارتەکە، وتی: بە باوەڕم هەدەپە لەناو ڕێکخراوە دیموکراتییەکاندا، ڕێکخراوی هەرە بەهێزە، پارت بە ڕەنج بەهێز دەبێت، بە قسە بەهێز نابێت، دۆخی من دەبینیت، وا نییە؟ ٥٠ ساڵە ڕەنج دەدەم، ئەگەر ببیستم، کێ بۆ خانەوادەی خۆی، بۆ خۆی و بۆ خزمەت بەخۆی لە ڕێکخراوەکان جێ بگرێت و بەهاکان بەکاربهێنێت، حسابی لێدەپرسم، ئەم گەلە بەهای گەورەیان داوە، من بۆ خۆم شتێک ناکەم، بەڵام بەڵێنمان بەم گەلە داوە، ئەم گەلە ئەوەندە بەهایان داوە، ٥٠ ساڵە ڕەنج دەدەین، بەهای هەیە، بەهای زۆرمان داوە، ئەگەر ببنە یەک و بەهێز بن، کێشە گەورەکانیش چارەسەر دەکەن، کەس نایەت کێشەکانتان بۆ چارەسەر بکات، لە ڕاستیدا هێزی چارەسەری ئێوەن، پارت هی کەسایەتییەکان نییە، هی کەسەکانیش نییە. 

 
محمەد ئۆجالان وتی: لەم قسانەوە زانیم کە سەرۆک لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ (کاری) پارتەکان دەکات. 

 
برای ڕێبەری گەلی کورد هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆک شرۆڤەشی بۆ سوریا کردووە و وتوویەتی: لە ڕۆژئاوا عەشیرەتە عەرەبەکان زۆرن، سڵاو و ڕێزی منیان پێبگەینە، هەروەها زۆر سڵاو و ڕێزم بگەینە بەو کەسانەی لە ڕێکخراوەکان کار دەکەن، ئەو کەسانەی لە ڕۆژئاوا ڕەنج دەدەن زۆر بەنرخن، ئەو خەباتەیان لێ پیرۆز دەکەم و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، تورکیا ماوەیەک لەگەڵ ئەمریکایە ماوەیەک لەگەڵ ڕوسیا، ئەمە چارەسەر نییە، چارەسەری ئەمەیە؛ پێویستە هێزەکانی ڕۆژئاوا لەناو هاوبەشبوونی سوریادا بە شێوەیەکی بەرفراوان ببنە هێز، ئەمە بۆ پاراستنی یەکبوونی سوریا پێویستە، ڕێکخستنەکانی ڕۆژئاوا بۆ هاوبەشبوونی سوریایە، ڕێکخستنەکانی کورد، عەرەب، ئەرمەن و کرستیان، ئەگەر نەبنە هێز، سبەی ناتوانن هاوبەشیی سوریا پێکبێنن، ستراتیژی لە ڕۆژئاوا زۆر ڕاستە، سڵاو و ڕێزم بەبێ جیاوازی بگەیننە هەموو ئەو کەسانەی لەوێ خەبات دەکەن و ڕەنج دەدەن. 
قاچی سێیەم بە ڕەنج دروست دەبێت
محەمەد ئۆجالان، ئاماژە بەوەدەکات کە سەرۆک بۆ چارەسەری وتی: ئەگەر ببیتە هێز هەموو شتێک چارەسەر دەکەی، منیش وتم: توندوتیژی بەشێوەیەکی زۆر بەردەوامە، تۆ دەڵێیت لە دەرەوە هەندێک شت بکرێت، بەڵام لە تورکیا ئەو دەرفەتە نەماوە، سەرۆکیش وتی: دیسان ئێوە دەتوانن ئەمە بکەن، ئێوە ناچارن ڕێکخراوەکانتان بەهێز بکەن، ئەرگە باش کار بکەن دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بێنن، باش کارکردن چییە؟ بۆ کەسەکان و بۆ گەل، تێکۆشان بەمشێوەیە دەبێت، محەمەد تۆ باش من دەناسی، دەزانی کە چۆن تێکۆشاوم، دژی دایکی خۆشم تێکۆشاوم، کاتێک حەوت ساڵان بووم دژی وەستامەوە، باش دەزانی، وتم: بەڵی دەزانم، وەهات کرد، سەرۆک لە بەردەوامی وتی: هەر شتێک بە تێکۆشین و تێکۆشانی ڕاست دەبێت، ناچارن کە ببنە هێز تا بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمە ناوی لێبنێین کورد، بەمشێوەیە چارەسەر دەبێت، ئەگەر نەبیتە هێز کەس کێشەکانت چارەسەر ناکات، ئێمە دەڵێین مێز و مێزەکەش دوو قاچی هەیە، ئێوە ناچارن ببنە قاچی سێیەمی مێزەکە، ئەمە چۆن دەبێت؟ بە هێز دەبێت، ئەگەر ئەمە بکەن دەبێت، ئەگەر ڕەنج بدەن دەبێت، بەڵێ مێز پێویستە، ئەمەش بە ڕەنج و خزمەتکردنی گەل دەبێت. 

 
جەستەی لە ئیمرالییە بەڵام ڕوانگەی لەگەڵ ئێمەیە

 
محەمەد ئۆجالان وەها بەردەوامی بەقسەکانی دەدات: سەرۆک بە ئێمە دەزانێت، هەرچەند جەستەی لە ئیمرالییە، بەڵام ڕوانگەی لەگەڵ ئێمەیە، دەزانێت چی دەکەین و چۆن خەبات دەکەین، تەنیا نمونەیەک بڵێم؛ بە منی وت: تۆش دەتوانی لە دەوروبەری خۆت لە ڕۆحا هەندێک شت بکەی، ئەرک دەکەوێتە سەر هەمووتان، وەها پاشەکشی کردن و دانیشتن نابێت، تۆش دەتوانی لەوێ ڕەنج بدەی و خزمەت بکەیت، تۆ و هەڤاڵانیشت، ئەو گوندە هەیە و هەڤاڵانمان هەن، ئەو تورکمانانە هەن، سڵاوم بە هەموویان بگەینە. 

 
چی لەدەستی کێ دێت با بیکات

 
محەمەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد، دەڵێت: سەرۆک لەسەر گۆشەگیری وتی: "سڵاو لە هەموو ئەو کەسانەی لە ڕۆژئاوا، باشور، ڕۆژهەڵات و ئەوروپا لەدژی گۆشەگیری تێدەکۆشن دەکەم، لە هەر شوێنێک کورد هەیە و دژی گۆشەگیری تێکۆشانیان کردووە، تێکۆشانەکەیان لێی پیرۆز دەکەم، لە بواری تەندروستییەوە زۆر باشم، دەزانم چۆن بژیم، دەبینی چۆنم، و وتی: سەرکەوتن دەخوازم، منیش ئەوەندەی بینیم باش بوو، تەندروستیی و مۆراڵی باش بوو. 

 
لە کۆتاییدا محەمەد ئۆجالان دەڵێت: پرسیارم کرد کە جارێکی دیکە چاوپێکەوتن دەکرێت؟ وەڵامی نەدامەوە، بەڵام ئەو شتەی وت: "هەموو شتێک پەیوەندی بە تێکۆشانی ئێوەیە، ئەگەر بەرەو پێشبڕۆن هەموو شتێک چارەسەر دەبێت، ئەگەریش نەکەن، بەردەوام دەبێت، هەم گۆشەگیری بەردەوام دەبێت هەم خوێن ڕشتنەکان بەردەوام دەبێت، با هەموو کەسێک بەپێی ئەمە، چی لەدەستی دێت بیکات". 




AM:12:33:10/03/2020