بایک: تورکیا کەوتووەتە تەنگەتاوییەوە بۆیە ناچار بوو ڕێگە بە دیدار بدات

هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوبەری كەجەكە، ئاماژەی بە هۆكارە سیاسییەكانی ڕاگەیەندراوەكەی دەوڵەتی تورك لەسەر ئاگركەوتنەوەكەی ئیمرالی دەدات و دەڵێت" دەوڵەتی تورك كەوتۆتە تەنگەتاوییەوە بۆیە ناچار بوو ڕێگە بە دیدار بدات".

 

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (ستێرك)، ڕایگەیاندووە" هەر چەشنە نزیكایەتییەك لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی سیاسییە، واتە بە شێوەی یاسایی و حقوقی نزیكی ڕێبەر ئاپۆ نابنەوە، لەسەر ئیمرالی و ڕێبەر ئاپۆ چ هەنگاوێك بنێن، لە پشتەوەی ئامانجێكی سیاسی هەیە، واتا ئەگەر لە ئیمرالی ئاگر دەكەوێتەوە، هۆكارەكەی سیاسییە، بە هەڵكەوت و ڕووداو نییە".

 

بایک وتیشی" هەموو کەسێک دەزانێت کە دوورگەی ئیمرالی ٢٤ کاتژمێر لە هەر لایەکەوە لەژێر چاودێری دایە، ناوچەیەکی سەربازییە، هەموو کەسێک ناتوانێت لێی نزیک بێتەوە، واتا شوێنێکی قەدەغەیە، لە شوێنێکی وەها و لە زستاندا ئاگر دەکەوێتەوە؟، مرۆڤ دەزانێت کە لەژێر ئەمەدا ئامانجێکی سیاسی هەیە، بۆچی سولەیمان سۆیلو ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە؟ ئایا ویستیان ڕێبەر ئاپۆ تاقیبکەنەوە؟، یان ویستیان پەکەکە تاقیبکەنەوە؟، یانیش ویستیان گەلی کورد تاقیبکەنەوە؟ دیار نییە، بەڵام ئەم سیاسەتە حیسابێکی هەیە، بۆیە ئەو ئاگرەیان کردەوە و لە تەلەفزیۆن ڕایانگەیاند، دوای هەواڵەکە گەلەکەمان لە سەرتاسەری جیهان هەستایە سەرپێی و خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد، چونکە ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد هەموو شتێکە، چیی بەدەستهێناوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەدەستیهێناوە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتی خاوەن تایبەتمەندییە، بۆیەش دوای ڕووداوەکە هەڵویستی خۆیان نیشاندا، خاوەندارییان لە ڕێبەر ئاپۆ کرد و هەموو کەسێکیان هۆشیار کردەوە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەم".

 

جەمیل بایک هەروەها دەڵێت" گەلەکەمان ئەو هەڵویستەی نیشاندا، دەوڵەتی تورکیش دۆخێکی هەستیار تێدەپەڕێنێت، زۆر تەنگەتاو بووە، بۆیە ناچار بوو ڕێگە بە دیداری خانەوادە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بدات، ئەو دیدارە ئاوا پێکهات".




PM:09:35:10/03/2020