بهشێك لهپزیشكانی ههرێمی كوردستان، ئهمرۆ چوارشەممە له یاداشتێكدا داوایان له حكومهتی ههرێمی كوردستان كرد، كه هاتووچۆی شارهكان ڕابگرێت "با وهكو ئێرانمان لێ نهیهت".
د. کامەران قەرەداغی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسینێکی بە ناوی بەشێک لە پزیشکانی کوردستانەوە بڵاوکردوەتەوە کە پێنج رێنمایی و داواکاریی تێدایە:
دەقی نووسینەکە:
بەڕێزان سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
بەڕێزان وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم
بەڕێزان ئاسایشی گشتیی ھەرێم
بەناوی بەشێک لە پزیشکانی دڵسۆز و خەمخۆری کوردستانیان، لە سۆنگەی دڵسۆزییمان بۆ تەندروستیی گشتیی و ژیانی ھاونیشتمانیانمان، لە سەروبەندی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و نەخۆشیی کۆڤید و پابەند بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانیی، ڕێگریی کردن لە ڕوودانی کارەسات، داوا لە بەڕێزتان دەکەین کە مافی یاسایی و ئیداریی خۆتان بەکاربێنن لە ٣⁄١١ بۆ ٣⁄٢٥ واتا تەنھا بۆ ماوەی دوو ھەفتە ئەم داواکارییانە بخرێتە بواری جێبەجێ کردن، تکا دەکەین بۆ سەلامەتیی ھەموو لایەکمان ئەم داواکارییانە بەھەند وەرگرن:
١-لێپێچینەوەی تووند و سزای یاسایی ھەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ئەنقەست دژی ھۆشیاریی خەڵکن و بە ھەڵسوکەوتەکانیان دەبنە ھۆکارێک بۆ خولقاندنی ئافات و کارەسات.
٢-ھەموو کۆبوونەوەیەکی شوێنە گشتییەکان بەتایبەت ناو بازاڕەکان، قەدەغەبکرێت و سەرپێچیکار سزای یاسایی تووند بدرێت.
٣-گەشت و سەیران لە کۆمەڵگە گەشتیارییەکان و سەیرانگە داخراوەکان قەدەغە بکرێت و لێپێچینەوەی تووند لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە پابەند نابن.
٤-ئەم ماوەیە ھەموو ئاھەنگ و پرسە و بۆنەیەک قەدەغە بکرێت.
٥-قەدەغەکردنی ھاتووچۆی نێوان ھەرێم لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێڕاق، تەنھا بۆ بازرگانیی پێویست نەبێت، ھاتووچۆ ڕابگیرێت.
ھەماھەنگیی و بەدەمەوە ھاتنتان، ھۆکارێکی سەرەکیی ڕێگریی کردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، خوانەخواستە با کوردستانیش وەک ئێران و ئیتاڵیای بەسەر نەیەت.
بەشێک لە پزیشکانی کوردستان