وەفدێكی چین گەیشتە سلێمانی

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە وەفدێكی چین كە پێكهاتووە لە تیمێكی پزیشكی، بەمەبەستی گەیاندنی هاوكاری پزیشكی و گفتوگۆكردن لە بارەی رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.

 

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلیمانی لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو تیمە چینییە هاوکارییەکی پزیشکییان پێشکەش بەسلیمانی کرد".

باسی لەئەوەشکرد: تیمێکی پزیشکیی چینی کە ئێستا لەبەغدادن، لەچەند ڕۆژی ئایندەدا دێنە سلێمانی بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەو ئەزموونەی چین هەیەتی لەڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

وانگ شوهۆنگ جێگری كۆنسوڵی گشتی چین لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند" خەڵکی سلێمانی شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، بۆیە وەک چین بڕیاریاندا هاوکاربن لەم شەڕەیاندا و هاوکاری پزیشکییان گەیاندە سلێمانی".

ئەوەشی خستەڕوو: ١٠٠ هەزار ماسکیان بۆ سلێمانی هێناوە بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئامادەن بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی دیکە، کە پێویست بکات.

وتیشی" ئەمە یەکەم هەنگاوی هاوکارییەکانمانە و بەردەوامدەبین لەگەیاندنی هاوکارییەکانمان".

باسیلەئەوەشکرد: بەسەر ئەم تەنگەژەیەدا زاڵدەبن و ئامادەی هەموو هاوکارییەکن لەگەڵ هەر وڵاتێک کە پێویستی پێبێت.


     



PM:03:16:11/03/2020