قائیمقامی هەڵەبجە: دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ شارەکەمان

نوخشە ناصح، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە پەیامێک دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاڕاستەی هاوڵاتیانی هەڵەبجە و دەوروبەری دەکات، تیایدا رایدەگەیەنێت" کە دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ شارەکەمان، زۆر دڵنیاین لە کۆتایدا مرۆڤایەتی ئەم جەنگە دەباتەوەو زاڵ دەبین بەسەر کۆرۆنا ڤایرۆسدا، بەڵام پێویستە خۆمان بپارێزین، لەم کاتەدا تەندورستی هەمووان پێکەوە بەستراوەتەوە".

دەقی پەیامەکەی قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە:

سڵاو هاوڵاتیانی خۆشەویست، ئەم کاتەتان باش و هیوای سەلامەتی و تەندروستییەکی باشتان بۆ دەخوازم.
سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ مەترسن لە کۆرۆنا بەڵام هۆشیاربن، رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن، تا بۆتان دەکرێت لەماڵەکانتان بمێننەوە و زۆر دەستەکانتان بشۆن.
دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ شارەکەمان و دەوروبەری، تکام وایە رێنماییە تەندروستیەکان جێ بەجێ بکەن.
هاوڵاتیانی خۆشەویست، چەند دەتوانن لەماڵەوە بمێننەوە.
ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئێوە و خێزان و هەمووان پێویستە، وە تەندروستی هەموومان پێکەوە بەستراوە، بۆیە خۆپاراستن دەبێت لە لایەن هەمووانەوە بێت.
تکام وایە ئەم رێنماییە تەندروستییانە بەباشی جێبەجێ بکەن:
- دەستان زۆر بشۆن.
- تەوقەکردن و ماچکردن راگرن.
- سەردانی شوێنی قەرەباڵغ مەکەن.
- بەساڵاچوان زۆر بپارێزن.
- ئاگاداری جگەرگۆشەکانتان بن.
- تەنها لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت سەردانی بازاڕ مەکەن.
وە هەموومان زۆر دڵنیاین لە کۆتایدا مرۆڤایەتی ئەم جەنگە دەباتەوەو زاڵ دەبێت بەسەر کۆرۆنا ڤایرۆسدا، بەڵام پێویستە خۆمان بپارێزین و لەم کاتەدا تەندورستی هەمووان پێکەوە بەستراوەتەوە.
هیوای تەندروستییەکی باش بۆ خۆتان و خانەوادەکانتان دەخوازم.

PM:07:25:11/03/2020