بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری هەولێر چەند بڕیارێک دەرکرا

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێگه‌كانی خۆپارێزی، پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بڕیاری نوێ كرده‌وه‌.

ناوه‌ڕۆكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر:

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی هه‌ریه‌ك له‌، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ هەر (10) قایمقام و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، ئاسایش، تەندروستی و سەرجەم فەرمانگەکانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای هەولێر، ئەم بڕیارانەی لای خوارە لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسندکران.

1- جەخت کردن و پابەندبوون بە سەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، تایبەت بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی، هەروەها جێ بەجێ کردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

2- ڕێوشوێنەکانی کەرەنتین بەردەوام دەبێت و بۆ لەمەبەدوا ڕێوشوێنی توندتر دەگرینەبەر، داواش لە وەزارەتی ناوخۆ و وازارەتی تەندروستی دەکەین، سەبارەت بەو خەڵکانەی لەو وڵاتانەی نەخراونه‌تە ناو لیستی کەرەنتین و لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێره‌وه‌ دێنە ژوورەوە، بخرێنە کەرەنتینەوە و هاوشێوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران دەگەڕێنەوە وادەیەکیان بۆدیاری بکرێت، کە دوای ئەو وادەیە بۆیان نەبێت بگەڕێنەوە، هەر کەسێکیش بە رێگه‌ی قاچاخ لەمەرزەکان یان لە شوێنی دیكه‌ گەڕاوەتەوە، ئەوا دەست بەجێ بە ماڵ و منداڵییەوە دەخرێتە کەرەنتین، ئەوانەشی کە ماوەی کەرەنتینیان تەواو بووە، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە پشکنیان بۆ دەکرێت، دوای دڵنیا بوون لێیان، ئینجا ڕەوانەی ماڵەکانیان دەکرێنەوە.

3- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 هاتوو چۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، جگە لە تیمە تەندروستییەکان، دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، کۆمپانیاکانی سووتەمەنی نەوت و غاز، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان، بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە، پێویستە ڕەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەربگیریت لە ڕێگەی هێڵی گەرم بە ژمارە(122)، کە لە نوێنەرایەتی قایمقامەیەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر پێکهاتووە.

4- بۆ جەژنی نەورۆز، داوا لە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، هەتا بۆیان دەکرێت گەشت و سەیران نەکەن و لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، ئەگەر دەشیکەن بەتەنها وەك خێزان بڕۆن و دووربن لە قەرەباڵغی و سازکرندنی ئاهەنگ و دروستکردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی، پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خۆتان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.

5- سەبارەت بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران، ڕێوشوێنی پێویست دانراوە و بۆ لەمەو دواش ڕێوشوێنی دیکەی پێویست گیراوەتەبەر، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، كه‌ دۆخەکە وەك خۆیەتی و هیچ قەیرانێکی کەمبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکانمان نییە، لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئەو جموجۆڵە بازرگانییەی کە هەبووە وەك خۆیەتی و بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەك ڕووینەداوە، تەنها لەڕووی تەندروستی بەمەبەستی پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ڕێکخراوە، لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش لە بازگەی شێراوە گۆڕەپانێك تەرخانکراوە، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی بارهەڵگرەکان دەکرێت، هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیانەی کە هەبووە نەوەستاوە و بەردەوامە.

6- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سه‌رجه‌م کۆمەڵگا و هاوینه‌هه‌وار و پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان.

7- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سەرجەم پارکە گشتییەکان و باخچە حکومی و ئەهلییەکان.

8- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1، داخستنی سەرجەم سەرتاشخانە و کافتریا و چایەخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.


9- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 ڕاگرتنی سەرجەم ڕێستورانت و چێشتخانەکان، تەنیا بۆیان هەیە بە شێوەی گەیاندنی خێرا (دلیڤەری) خورادن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن.

10- داخستنی یەکجارەکی سەرجەم شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵان و پەلەوەر و شوێنەکانی دیكه‌ی فرۆشتنی گۆشت، ئەوانەی کە مۆڵەتی فەرمی تەندروستییان نییە.

11- سەبارەت بە شوێنە جەنجاڵ و قەرەباڵغەکان و بازاڕە میللیەکان، دەسەڵات دراوەتە قایمقامیەتەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، هەر شوێنێك جەنجاڵی، قەرەبالغی و بەریەكکەوتنی زۆری هاووڵاتیانی تێدابوو، ڕێوشوێن و ڕێکاری تایبەت بگرنەبەر.

12- پێشانگاکانی فرۆشتنی ئوتۆمبێل لە ڕۆژانی هەینی دادەخرێن، هەر کەسێك و خاوەن پێشنگایەك سەرپێچی بکات، ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی بۆ ماوەیەك دادەخرێت، دەسەڵاتیش دراوەتە قایمقامیەتەکان، ئەگەر ڕۆژانی دیكه‌ جەنجاڵی و قەرەباڵغی هەبێت بەهەمان شێوە دابخرێن.

13- هەڵمەتی رشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس لەهەموو شوێنه‌ گشتیەکان و بازاڕەکان بەردەوام دەبێت.

14- بەندیخانەکان، خانەی بەساڵاچوان، خانەکانی نەوجەوانان، شلتەری ئافرەتان، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیان ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.

15- کەمپەکانی پەنابەر و ئاوارەکان ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر لە چوونە ژوورە و هاتنە دەروە و رشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس و داخستنی هەموو شوێنە قەرەباڵغەکانی.

16- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، بۆ ئەوانەی شوێنەکانیان داخراوە، چ ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن یان کرێنشینی خەڵکن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویست لە بارەیانەوە بدرێت و لە کرێکانیان داشکاندن و کەمکردنەوەیان بۆ بکرێت.

17- هەندێ کەس بەنیازن بە قۆستنەوەی ئەم دوخە و سەرقاڵبوونی حکومەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرپێچی بکەنە سەر موڵکی گشتی و ئەرزی حکومەت، لەم بارەیەوە قایمقامیەتەکان راسپێردراون توندترین ڕێکار بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانە بگرنەبەر.

دڵنیای هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە، شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەك بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و تەندروستیان، داوا و تکا دەکەین پابەندبن بە رێنمایی و بڕیارەکان.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر

2020.3.12

PM:09:22:12/03/2020