شاسوار عەبدولواحید ڕەخنە لە سیستمی سیاسی و سیستمی خوێندنی باڵا دەگرێت

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" لە هەرێمیکی چوار شاریدا، ٢٨ زانکۆمان  هەیە، سەروو ١٥ هەزار کەس هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران، سەروو ١٠ هەزار مامۆستای زانکۆمان هەیە، نزیکەی دوو هەزار پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەرمان هەیە".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نوسینێکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە" ماوەی ٣ مانگ زیاترە نەخۆشی کۆرۆنا بوونی هەیە، (تەبعەن باسی دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیەکە ناکەین و خۆمان و زانکۆکانمان و حکومەت و وڵاتەکەمان ئیحراج ناکەین و داوای شتێکی گەورە ناکەین)".

دەشڵێت" کەسێک  پێم بڵێ ئایا چەند توێژینەوەی زانستی لەم ٢٨ زانکۆیەدا و لە لایەن ئەم ١٠ هەزار مامۆستا بەرێز و پرۆفیسۆرانەوە تایبەت بەم بابەتە ئەنجام دراوە؟".

ڕاشیگەیاند" ئەگەر شتێک بە ناوی حکومەت و دەسەڵات و زانکۆ و سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرۆک زانکۆوە بوونی هەبێت، ئەوە حەق وایە لە خۆیان بپرسن ئیشیان چییە؟ ئەوانە هەبن چییە و نەبن چییە؟".

وتیشی" زانکۆیەک نەتوانێت فێرکارێکی باش دەربچێنێت و بیخاتە ناو دامەزراوەکانی  وڵات، نەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئابووریی و بازاڕ هەبێت، نەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەت و حکومڕانیی و ئیدارەی هەرێمێکی بچووکی چوار شاری هەبێت، نەتوانێت یەک توێژینەوە بکات لە کاتێکی وا هەستیاردا، ئەوە هەبن چییە و نەبن چییە؟".

جەختیشیکردەوە: ئەم رەخنەیەی من زیاتر لەسەر سیستمی سیاسیی و سیستمی خوێندنی باڵای ئەم هەرێمەیە، نەک لەسەر خودی مامۆستاکان، چونکە ئەوەی تاوانبارە ئەو سیستمە بێمانا و فاشیلەیە کە زانکۆ و پرۆسەی خوێندنی بە حیزبیی کردوە،لە لایەکی تریشەوە نە سەرچاوەی دارایی و نە پێداویستی توێژینەوە و فەند بونی نییە بۆ مامۆستایان و توێژەران.



PM:10:57:12/03/2020