مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەکەم راگەیاندنی بڵاوکردەوە

دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکیتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دوای کۆنگرە سازکردو کۆبوونەوەکە لەلایەن لاهور جەنگی هاوسەرۆکی ئەو حیزبەوە بەڕێوەبراو دوای کۆبوونەوەکە راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە.

 
لەو راگەیاندنەدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، لە زاری لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی هاتووە" لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەکرد ئێمە شێوازی نوێ لەکاری حیزبایەتی پەیڕەو دەکەین وە بنەمای پاداشت و سزا جێبەجێ دەکەین، چونکە هەموومان لەژێر چاودێری حیزبی و جەماوەریداین، ناکرێت کەس ڕێگری لە ئیش و کارەکانی نوێبوونەوەی (ی.ن.ک) بکات". 

 
یەكێتی دوای كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:


ئەمڕۆ پێنج شەممە بەرواری 12/3/2020 لە دەباشان بەسەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی (ی.ن.ک) یەکەمین کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) بەڕێوەچوو، سەرەتای کۆبونەوەکە بەچەند ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بەڕێووەچوو.


سەرەتا هاوسەرۆک بەناوی سەرۆکایەتی (ی.ن.ک) پێرۆزبایی لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکە کرد، لەووتەیەکدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی (ی.ن.ک) تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێمە هەنگاوی جدیمان ناوە بۆ ئەوەی بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵبین، ئەگەرچی نەیارانی (ی.ن.ک) گرەوییان زۆر لەسەر ئەوە دەکرد کە (ی.ن.ک) ناتوانێت کۆنگرە بکات و ناتوانێت گۆڕانکاری بکات وە خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە کۆنگرەیەکی شەفامان ئەنجام دا، پاشان تەواوی ئۆرگانەکانەکانمان بەهەڵبژاردن دیاریکرد و ئەمڕۆش یەکەمین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژێکی نوێیە لەخەباتی سیاسی حیزبی و ڕێکخراوەیی (ی.ن.ک)، هاوسەرۆک باسی لەوەکرد دەبێت نێوماڵی (ی.ن.ک) بپارێزین، چونکە ئێمە ئێستا سەرۆکایەتی حیزبێکی جەماوەری گەورە دەکەین بۆیە دەبێت لەئاستی کادیر و جەماوەری (ی.ن.ک) و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا بین، لەدرێژەی ووتەکانیدا هاوسەرۆک باسی لەوەکرد بەرپرسی مەکتەبەکان دەستبەکاربن و لەماوەیەکی کورتدا هەموو مەکتەبەکان بەرنامەی کاری خۆیان ئامادەبکەن و لەمەکتەبی سیاسی تاوتوێ بکرێت و سەرکردایەتی پەسەندی بکات، بۆئەوەی مەکتەب و ئۆرۆگانەکانی (ی.ن.ک) بکەوێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی.


پاشان لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەکرد ئێمە شێوازی نوێ لەکاری حیزبایەتی پەیڕەو دەکەین وە بنەمای پاداشت و سزا جێبەجێ دەکەین، چونکە هەموومان لەژێر چاودێری حیزبی و جەماوەریداین، ناکرێت کەس ڕێگری لە ئیش و کارەکانی نوێبوونەوەی (ی.ن.ک) بکات، دواتر گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و هەڤاڵانە دروستبوو لەسەر ئەوەی دەبێت شێوازی نوێی کارکردن لە حکومەت و حیزب پەیڕەوبکرێت و هەموو ئۆرگانەکان و بەرپرسەکان هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان دەکرێت.

 


AM:08:47:13/03/2020