نێرگز و سوودەکانی

دەرکەوتنی گوڵی نێرگز، یەكێكە لە نیشانەكانی هاتنی وەرزی بەهار، گوڵی نێرگز بۆنێکی خۆشی ھەیە، لەناوچە سارد و شاخاوییەکاندا دەڕوێت و گەورە دەبێت. جوانی و بۆنخۆشیی ئەم گوڵە، گەشتیار بەلای خۆیدا رادەکێشێت و بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش سەرچاوەی دەستخستنی داهاتە.

لە سوودەکانی گوڵی نێرگز:

1. بۆنكردنی ئەم گوڵە چارەسەرە بۆ خەمۆكی و سەرئێشە.
2. بۆ هێورکردنەوە و بەهێزکردنی مێشک بەسوودە.
3. دژی گرژبوون و رەقبوونی ماسوولکەکانە.
4. گەرمی لەش دادەبەزێنێت.
5. بۆ ڕازاندنەوەی باخ و بۆنخۆش كردنی شوێنەكان بەكاردەهێنرێت.
6. كوڵاندنی سەلك (بنک)ی نێرگز و پاڵاوتنی ئەو پێكهاتەیە و ساردكردنەوە و خواردنەوەی، چارەسەرە بۆ برینی گەدە.
7. خواردنەوەی ئەو پێکهاتە، ئازاری ناوسك کەم دەکاتەوە و كرمی ناو ریخۆڵەكان دەكاتە دەرەوە.
8. بۆنكردنی ئەم گوڵە توانای سێکس لای پیاوان زیاد دەكات.

 

هاوکات زانایان لەو بڕوایەدان بوونی پێكهاتەیەك لە گوڵی نێرگزدا دەکرێت سوودی هەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە مرۆڤدا.

زانایان لە زانکۆی برۆکسل لە بەلجیکا توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا و ئەنجەمەکەیان لە گۆڤاری “Structure” بڵاوکردەوە، لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت، کۆمەڵێك ئاوێتەی تفت کە لە پێكهاتەی گوڵی نێرگزدا هەیە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکاندا.

ئەم ئاوێتە تفتانە پێكهاتوون لە کۆمەڵێك پێكهاتەی سروشتی، ئەم ماددەیەی لە پێكهاتەی نێرگزدا هەیە کاریگەری دژە شێرپەنجەی هەیە، و زانایان لەو بڕوایەدان دەتوانن ئەم تایبەتمەندییە دژ بە شێرپەنجە بەکاربهێنن و گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان بوەستێنن.

توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، هەر لە کۆنەوە نێرگز لە بواری پزیشکیدا بەکارهێنراوە و سوودی لێ بینراوە، بۆیە لە ئێستادا توێژینەوەی زیاتر لەبارەی پێكهاتەکەیەوە دەکەن بۆئەوەی بتوانن بە تەواوەتی کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەی مرۆڤ دیاری بکەن و لەسەر کۆتا ئەنجامەکان دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە دروستبکەن.




PM:02:13:15/03/2020