سبەی ٣٢ ساڵ بەسەر یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەمساڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگر دەبێت لە یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئه‌مساڵ بە هۆی پابەندبوون بە بریارو راسپاردەى دامەزراوە تەندروستییەکانى کوردستان و مەترسى بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسى کۆرۆنا، به‌پێویستمان زانى هاوشێوه‌ی سالانی پێشوو ئه‌م یاده نەکەینەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌یادی ٣٢ ساڵه‌ی کیمیاباران کردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا که‌س وکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه خه‌ڵکی شۆرشگیری هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و شاره‌زوور جــــه‌مـــاوه‌ری کـــوردســـتـــان ئه‌مرۆ ٣٢ ساڵ به‌سه‌ر کارەساتى کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا تێدەپەڕێت، که تاوانێکى گه‌وره‌ى رژێمی له‌ناوچووی به‌عس بوو دژی گه‌لی کوردستان و خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌خۆراگره و ده‌وروبه‌رى ئه‌نجامیدا.
١٦ی ئادارى هەموو ساڵێک بۆ هه‌موومان یادی برینێکی قوڵی نەتەوەكەمانه، کە داگیرکەران لە ڕێی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هه‌زار هاوڵاتی بێ‌تاوان و بریندارکردنی هەزارانى تر و ئاوارەکردنی تەواوی دانیشتوانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و خاپوورکردنی ناوچه‌کانیان، تاوانه‌کەیان گەیشتە لوتکەی دڕنده‌یی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی گەلەكەمان. به‌لام به‌خۆڕاگرى و خه‌باتى ئازادیخوازى و قوربانیدانى پێشمه‌رگه و خه‌ڵكى کوردستان ئه‌م خه‌ونه‌ى دوژمنان له‌گۆڕنرا.
کیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه لاپه‌ڕه‌یه‌کى ڕه‌شى له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا تۆمارکرد، بۆ رێگرتن و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانه دڕندانەیه، داوادەکەین کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه به‌جینۆساید بناسێنێت.
تا جارێكى تر ئه‌و تاوانه‌به‌رامبه‌ر مرۆڤ و سرووشت لە هیچ گۆشەیەکی ئەم جیهانه‌دا ئه‌نجام نه‌درێت.
پێویستە حکومەتی عێراقى فیدراڵ بۆ قەرەبووکرنه‌وه‌ى شایستەی کەس وکاری شه‌هیدان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه، کار به‌بریاری دادگای باڵای تاوانەکان و مادەی (١٣٢)ى دەستورى عێراقى فیدراڵ بکات و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای تایبەت بە جینۆساید و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لە عێراق دەربکات. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کار و هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و چارەسەکردنی بەرەکەوتووانی چەکی کیمیایی. که‌س وکاری سه‌به‌رزی شه‌هیدان بۆ به‌رز راگرتنی مه‌رگه‌ساته‌کانی گه‌لى کوردستان به‌گشتی و تاوانی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه بەتایبه‌تى، وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان ساڵانه ئەو یادانە ده‌كاته‌وه، ئه‌مساڵ بە هۆی پابەندبوون بە بریارو راسپاردەى دامەزراوە تەندروستییەکانى کوردستان و مەترسى بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسى کۆرۆنا، به‌پێویستمان زانى هاوشێوه‌ی سالانی پێشوو ئه‌م یاده نه‌که‌ینه‌وه. بەڵکو بە شێوازى تر و بە پاراستنى تەندروستى و ژیان لە هەڵەبجە و سەرتاسەرى کوردستان، پەیامى زیندوێتى یادى شەهیدان بڵند رابگرین و لە هەوڵەکانمان بۆ بەجیهانیکردن و ناساندنى تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجە وەک جینۆساید لەسەر ئاستى جیهان و کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەردەوام دەبین . نه‌مرى بۆ شه‌هیدانی مه‌رگه‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و کوردستان.
وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
16-3-2020