"سپی" دۆخی نهێنی تەندروستی سلێمانی لەرووی کۆرۆناوە بڵاودەکاتەوە..بۆچی لە سلێمانی ژمارەی تووشبوان لەهەڵکشاندایە؟

‌دوو کارمەندی تەندروستی سلێمانی شەقامی مەولەوی پاکژدەکەنەوە

سلێمانی کە ئێستا لەسەر ئاستی هەرێم زۆرترین تووشبووی تێدایەو، پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەکە زیاتر هەڵبکشێت، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دوو کەس کە تووشی کۆرۆنا بوون لە شارەکەو، ئەم دوو کەسە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە شارەکەدا. هەروەها بەپێی لێدوانی د. سەباح هەورامی کە ئاشکرای دەکات زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی خەڵکی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە ئێران گەڕاونەتەوەو خۆیان شاردۆتەوە کەرەنتین نەکراون، هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنان کە لەرۆژانی داهاتوودا دەردەکەون. 

 

 
رووداوەکانی دوای مردنی وتاربێژی مەزگەوتی "مەحوی"
 
لە سلێمانی  رۆژی ٤ ئازار مامۆستایەکی ئاینی کە وتاربێژی مزگەوتی " مەحوی " بوو کۆچی دوایی کرد، تەندروستی سلێمانی رایگەیاند کە ئەو مامۆستا ئاینیە راستە نەخۆشی تری هەبووە، بەڵام بە هۆی ڤایرۆسی کۆرناوە کۆچیی دوایی کردووە، لەو دەمەدا یەک دوو میدیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەسوکاری مامۆستا و چەند کەسێک کە نوێژیان لە گەڵ دەکرد لە مزگەوتی " مەحوی " ئەنجام دا، ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە " مامۆستا " بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەمردووە، هەروەها زانیاری ئەوە لە ئارادایە کە چەند کەسێکی بنەماڵەکەی لەو گەڕەکەی ماڵی مامۆستای تێدابووە هەمان قسەیان کردووە لەگەڵ دراوسێکاندا و، جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەو بە "ڤایرۆسی کۆرنا نەمردووە"، بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانەو، بێ باکی کەسوکارو هاوڕێکانی مامۆستا، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هەر بۆیە ئێستا لە نێو بنەماڵەی مامۆستا ئاینیەکەدا ٨ کەسی تر لەو کەسانەن کە تووشی کۆرۆنا بوون لە ژێر چارەسەردان لە شاری سلێمانی.


هەروەها رۆژی ٤ی ئازار وتەبێژی تەندروستی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" گومان دەکرێت ئەو مامۆستایە بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کردبێت"، بەڵام بۆ رۆژی دوایی پاشئەوەی لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانییەوە ئەنجامی پشکنینەکە دەرچوو، وەزارەتی تەندروستی عێراقیش رایگەیاند "ئەو مامۆستا ئاینییە بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کردووە". ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی تەندروستی عێراق خۆی لەخۆیدا بووە دورستکردنی دوو دڵی و گومان لەلای خەڵک و کەسوکاری مامۆستا ئاینیەکە کە بڵێن" بە کۆرۆنا " نەمردووەو هیچ سنورێک بۆ جموجوڵ و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەو ژینگەیەی مامۆستا تیایدا ژیاوە، دانەنێن.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی" کەوتووە لە رۆژانی دوای گیان لەدەستدانی مامۆستا ئاینییەکە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی وتیمەکانی تەندروستی دەچنە ئەو گەڕەکەی ماڵی مامۆستای لێیە لە سلێمانی و، خێزان و کەسوکارەکەی مامۆستا لەگەڵ چەند کەسدا بەریەک کەوتوون، پشکنینی تەندروستی بۆ هەموویان کراوە، کە بەپێی زانیاریەکانی " سپی " پشکنین بۆ ٦٢٢ کەس لە گەڕەکەکەی ماڵی مامۆستا ئاینیەکە کراوە، بۆ هەر پشکنینێک  کە "کیت"ی پێدەڵێن و ئەو رێوشوێنانەی دەگیرێتەبەرو دەنێردرێت بۆ سەنتەری هەێمایەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میسر، کولفەیەکی زۆری تێدەچێت.( تێچووەکەی لەسەر حکومەتی هەرێم ٣٣٠ دۆلار دەکەوێت کە دەدرێت بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی).


کەسی دووەم کە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناکەو کەسانی نزیکی خۆی تووشکردووە، پیاوێکی ٤٦ ساڵە لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوەو چۆتە "کەرەنتینە"و لە ماوەی ١٣ رۆژدا پشکنینی تەندروستی بۆکراوەو سەرەتا بەو شێوەیە دەرکەوتووە کە ئەنجامەکەی " نێگەتیڤە" واتە تووشی ڤایرۆسەکە نەبووەو گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام دوای ١٤ رۆژەکە کە پشنینێکی تری بۆ دەکرێت، ئەمجارە ئەنجامەکەی " پۆزەتیڤ " بووە، واتە تووشی پەتاکە بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئەوەی چۆتەوە ماڵەوە تێکەڵی خێزانەکەی خۆی بووەو خەڵک سەردانی کردووە، دەرکەتووە کۆرۆنایەتی و، ئەمڕۆ یەک شەممە ١٥ی ئازار وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند کە پیاوێکی ٤٦ ساڵە تووشی کۆرۆنا بووە، هەر ئێوارەی هەمان رۆژ دوو مناڵی خۆی و برایەکی تووشی ڤایرۆسی کۆرنا بوون و راگەیەندرا، ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەشوێن کەسوکار و دراوسێکانی ئەو هاوڵاتییانەدا دەگەڕێت کە بەرکەوتەیان لەگەڵ ئەم پیاوەدا هەبووە، تا پشکنینیان بۆ بکەن.

 

دۆخی سلێمانی لە چیدایە..؟

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە جگە لە ئاکام و پەیوەندی و تێکەڵبوونی ئەم دوو کەسە لەگەڵ خەڵکدا، هاوکات سبەی دوو شەممە ١٦ی ئازار ئەنجامی ئەو ٨٤ هاوڵاتییەی فڕۆکەکەی هێڵی" قەتەریە" رادەگەیەنرێت کە چوار رۆژ لەمەوبەر لە رێگای فڕۆکەخانەی سلێمانی یەوە گەیشتنەوە هەرێم و کەسێکیان تووشی کۆرۆنا بووبوو، تەندرووستی سلێمانیش پشکنینی بۆ هەر ٨٤ سەرنشینی فڕۆکەکە کردووە.

 
هەروەها بەپێی ئەو لێدوانەی د. سەباح هەورامی لە چاوپێکەوتنێک شەوی ١٤ی ئازار لەگەڵ کەناڵی NRT دا ئەنجامی دا، ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە ئێرانەوە بە ساختە هاتوونەتەوەو خۆیان حەشارداوەو " کەرەنتینە" نەکراون، کە ئەمانە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ناوچەکانی سلێمانی و هەڵبجەو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووان روو لە هەڵکشان بکات.

 

تەندروستی سلێمانی لە چ ئاستێکدایە؟

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، سەرباری بێ ئەزموونی وکێشەی زۆر و نەبوونی توانای تەواوی دارایی، بەڵام کارەکانی تەندروستی سلێمانی لە رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنادا لە گەشەکردندایە، سەرەتای دەرکەوتنی قەیرانەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ٣٠ تیمی بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە هەبووە، کە هەر تیمێکیان لە ١٨ ەوە بۆ ٢٤ کەسە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی تیمەکان زیادیان کردووە بۆ ١٤٠ تیم کە هەریەکەیان وەزیفەی جیاجیای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ئەستۆدایە. 

 
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان کراوە بە چەند بەشێکەوە، ناوچەی هەڵەبجەو پێنجوێن لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی خۆیەوە بەڕێوە دەبرێت، ناوچەکانی گەرمیان و چەمچەماڵ و دوکان و رانیەو قەڵادزە و شارباژێڕ کراونەتە چەند بەشێکی جیاو هەر بەشەیان لەلایەن جێگرێکی بەڕێوەبەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن و، هەموو رۆژێک، ئەم بەشانە رۆژانە کۆبوونەوەو پەیوەندی بەردەوامیان دەبێت.

 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە سنوری ناوچەکانی هەڵەبجەو سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە ١٧ هەزار کارمەندی تەندروستی هەیە، بەڵام ئێستا تەنها ٩ هەزاریان لە کاردان، هەندێکیان خانەنشین و هەندێکیان مۆڵەتیان وەرگرتووە، تا ئیستا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەو ژمارەیە بە هەموو بوارەکانیەوە کەمتر لە ٢٠٠٠ کارمەندی تەندروستی  کاردەکەن.       

 


ئه‌م بابه‌ته ‌9548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:23:15/03/2020