سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە بۆنەی یادی 32 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان".

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەرکیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان . ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا ، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاریی و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستان کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا.

سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان




AM:09:57:16/03/2020