سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: ماوەی دیاریكراوی كەرەنتینە لەماڵەوە تەواو دەكەم


ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو هەواڵە بڵاوکردەوە، كە باس لەوە دەكرێت پێش چەند رۆژێك لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و كەرەنتینەش نەكراوە و هیچ پشكنینێكی بۆ نەكراوە.
 

سكرتێری رۆژنامەوانی رێواس  فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، كە وێنەیەكی دەست "سپی" کەوتووە تێیدا هاتووە" دوای ئەوەی هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی كوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی لەدەرەوەی وڵات، ڕازی نەبووە ڕێوشوێنی پزیشکی بڕیارلێدراوی بۆ ئەنجام بدرێت، جگە لەوەی سەر لەبەری ئەو هەواڵە چەواشەکارانە ڕەتدەکەینەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" دوای سەفەرێكی بۆ هۆڵەندا بۆ ماوەی تەنها سێ رۆژ، لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتنەوە خاكی هەرێمی كوردستان و لە بەشی (VIP) فڕۆكەخانە چاوەڕێی تیمی پزیشكیان كردووە و دوای هاتنی تیمەكە و پشكنین بۆیان و لەدوای پێنج كاتژمێر ئەنجامی پشكنینەكە نێگەتیڤ دەرچووە".

 

سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی پەرلەمان لە رونكردنەوەكەدا باسی لەوەشكردووە" بەهیچ شێوەیەك ئەنجامدانی رێوشوێنە تەندروستیەكانیی رەتنەكردووەتەوە، بەڵكو سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی پشكنینەكەی نێگەتیڤ بووە، وەك پابەند بوون بەڕێنمایە تەندروستیەكان ماوەی دیاریكراوی كەرەنتینەكە لەماڵەكەی خۆی تەواو دەكات و ئەمەش لە رووی پزیشكیەوە رێپێدراوە".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە تاکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ، هیچیان بڵاونەکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان خراوەتە کەرەنتینەوە لە ژێر سەرپەرشتی تەندروستی ئەوانداو، تا لە میدیاکانیشدا بڵاونکرایەوە کە لەدەرەوەی ولآت بووە، روونکردنەوەی نەدا.



PM:09:03:16/03/2020