ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە


لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاژەی بەوەکردووە" دوای بڵاوبوونەوەی ڕوونکردنەوەیەکی ئاسایش لە بارەی کەسێک کە بە تۆمەتی سیخوری دەستگیرکراوە، لاهور جەنگی لە ژێر ناوی دەزگای زانیاری، بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێک ، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە کە کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و دەستەواژەی ئاڵۆز بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەخۆ دەگرێت".

ڕاشیگەیاندووە" لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ دۆخی ناوخۆ و سەرقاڵی و بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەر بەم رەوشەی ئێستای هەرێمی کوردستان، خۆمان بە وەڵامدانەوەی هەڵچوونەکانی ئەم کەسە سەرقاڵ ناکەین".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت" ناوبراو باس لە دادگا و یاسا دەکات، ئێمەش دووپاتی دەکەینەوە کە سەروەریی یاسا و نەهێشتنی سەرەڕۆیی و سەرکێشی بەرامبەر یاسا، بەرنامەی هەرە سەرەکیی کاری حکومەتی هەرێمە ، بۆیە پێمان باشە لاهور جەنگی رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، ئەمە بۆ ئێمەش رێخۆشکەر دەبێت تاکو هەموو ئەو بەڵگانە بخەینە بەردەم دادگا کە سەلمێنەری سەرپێچی و یاساشکێنییەکانی ناوبراون".




AM:11:46:20/03/2020