" سپی " پیرۆزبایی جەژنی نەرۆز لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ ٢٠ی ئازار ئاگری نەورۆزی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازدا کرایەوە.

 

جەژنی ئەمساڵ بە هەموو پێوەرێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە جیاوازە لە نەورۆزی ساڵانی رابردوو، جیاوازی ئەم جەژنە لەوەدایە کە خەڵکی نەورۆزی ئەمساڵ بەدوور لە ئاهەنگ گێڕان و سەیرانکردن لە ماڵەکەی خۆیدا ماوەتەوەو سەرقاڵی خۆ پاراستنە لەو ڤایرۆسە کوشندەیە.

 

هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە ئێجگار کوشندەیەو جیهان لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە کارەساتی وەها گەورەی بەخۆەوە نەبینیووە، بەلآم هەمیشە مرۆڤ بە توانای عەقڵی و ئینسانیەتی خۆی و کاری بە کۆمەڵ، لە کۆتایی ئەم ململانێیەدا، وەک ئەوانی پێشوو سەردەکەوێت و مرۆڤایەتی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێووەو ئەمەش دەبێت بە بەشێک لە مێژوو.

 

رەنگە لەم جەنگە نوێیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لەهەر کونجێکی جیهان خەڵکانێک ماڵئاواییمان لێبکەن، بەلآم هەمیشە مرۆڤایەتی لەوە گەورەتربووە کە ڤایرۆس یان هەر کارەساتێکی تر چۆکمان پێدا بدات، دیارە لە ئایندەی ئەم ململانێیەشدا هەر مرۆڤ دەیباتەوە.

 

لە کوردستان سەرباری زۆر کێشەی سیاسی و ئابوری، بەلآم تا ئێستا لەسەر ئاستی حوکمی و ئەهلی خەڵکەکە بەبەراورد بە گەلانی تری ناوچەکە شەڕەکەی باش  بەڕێوە بردووە، بەڵام هێشتا ئێمە لەسەرەتاداین و رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا هەڕەشەی زیاتری ئەم ڤایرۆسەمان لەسەر بێت، بەتایبەتی بەهۆی هاوسنوریمان لەگەڵ ئێران و عێراقدا، هەر بۆیە دەبێت پاڵپشتی دەزگا حکومیەکان بکەین، بەتایبەتیش وەزارەتی تەندرووستی کە کێشەکەیان لە کوردستان بۆ قوڵتر نەکەینەوەو، بەتوندی ئەو ڕێوشوێنانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە حوکمەت دایڕشتووە جێبەجێیی بکەین.

 

سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا نە بەکۆمەڵگا بەتەنها و، نە بەحکومەت بەتەنها دەکرێت، بەڵکو ئەم پرسە، پرسێکی کۆمەڵگایی هەمەلایەنە، دەبێت هەردولا یەکتری تەواوبکەین بۆ ئەوەی بەسەر ئەم ڤایرۆسە جیهانییە لەم پانتایەیە جواگرافییە بچوکەدا سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا رابگەیەنین.

 

ئەرکی لایەنە سیاسیەکانە، لە پێش هەمووشیانەوە هەردوو لایەنی سەرەکی حوکمڕان پارتی و یەکێتی پاڵپشتی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بکەن و چی توانای مادی و مرۆیی و میدیاییان هەیە بیخەنە گەڕ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا، ئەرکی سەرشانی ئەوانە کێشەی لاوەکی سیاسی لەم دۆخە هەستیارەدا نەخولقێنن، ئەم دۆخە ئەوە دەخوازێت هەمووان بەیەک دەست رووبەڕووی جەنگی ئەم کۆرۆنایە ببینەوە.

 

بەیەکگرتووی خەڵک و تەرخانکردنی توانا مرۆیی و مادیەکان لەهەموو لایەکەوە، سەرکەوتنمان نزیک دەکاتەوە بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا.

 

پیرۆزە نەورۆزی ئەمساڵ، بەناوی ستافی " سپی " یەوە هیوادارین ئەم رۆژە ناخۆشانە تێپەڕن و رۆژانێک لە ئایندەدا چاوەڕوانی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی بکات کە دوور بێت لە هەموو بالآیەکی ڤایرۆسی و هەر بەڵایەکی تر.

 

" سپی " دەستی توندی کارمەندان و پزیشک و هونەریەکانی وەزارەتی تەندروستی دەگووشێت کە ئەمڕۆ ئەوان لە ریزی پێشەوەی کۆمەڵگاکەمانەوە لەجەنگی دژە ڤایرۆسی کۆرۆناو، هیوادارین سەلامەت و پارێزراوبن.

 

ماڵپەڕ و تیڤی سپی میدیا

٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠



PM:09:34:20/03/2020