ئەمڕۆ ٢١ی ئازار تەندروستی سلێمانی ئەنجامی نوێی ئەو پشکنینانەی خۆی رادەگەیەنێت کە چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە، پشکنینی لەنێو مارکێت و نانەواخانە و بازاڕەکانی سلێمانی دەکات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو تیمانە کە سێ رۆژ لەمەوبەر دەستیان بە پشکنین لەناو شاری سلێمانی کرد و لەچەند شوێنێکی جیاجیا لە مارکێت و مینی مارکێت و نانەواخانەو بازاڕەکانی گەڕەکەکانی پشکنینی هەڕەمەکیان ئەنجامدا، ئەنجامی پشکنینەکانیان ناردووە بۆ بەغدا و قاهیرە بۆ بنکەی هەرێمایەتی تەندروستی جیهانی، ئەمڕۆ ئەنجامی هەندێکیان دەردەچێت.
دەربارەی ئەنجامی ئەو پشکنیانە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی دەست " سپی "کەوتووە، گۆرانکاری بە ئاراستەی خراپدا هەیە.
هەر ئەمڕۆ ٢١ی ئازار لەو بەرنامە تەندروستییە تایبەتەی د. ئاراس برادۆستی لە کەناڵی رووداو پێشکەشی دەکات، لە میانەی بەرنامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەو پشکنینانەدا حاڵەتی ( پۆزەتیڤ ) تۆمار کراوە.( واتە تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ئەو مارکێتانەدا دۆزراونەتەوە).
بەپێی ئەو زانیاریانە دۆخی تەندروستی سلێمانی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.