بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی: کارەسات بەڕێوەیە

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی د. سەباح هەورامی رایگەیاند " لە بارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە سلێمانی کارەسات بەڕێوەیە".

لە بەرنامەی تەندروستی رۆژانەی رووداو کە لەلایەن د. ئاراس برادۆستەوە پێشکەشدەکرێت و، لەبەرنامەی ئەمشەویدا کە بەڕێوەبەرانی تەندروستی کوردستانی گەورەی میوانداری کردبوو، د. سەباح هەورامی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، وتی " کارەسات بەڕێوەیەو، لە تواناماندا نییە رووبەرووی ببینەوە".

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە  کە ئەگەر هاوڵاتیان یارمەتیان نەدات و رێنوماییە تەندروستیەکان جێبەجێنەکەن، ئەوا کارەسات روودەدات.

هەر کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە ئەکاونتی خۆی رایگەیاند " کۆرۆنا لە گەرەکەکانی ناوشاردایە، ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، بۆئەووەی دۆخەکەمان لەدەست دەرنەچێ و توشی کارەسات نەبین، تکایە هاوڵاتیانی خۆشەویست لەماڵەکانتان بمێننەوەو رێنمایە تەندروستیەکان جێ بەجێ بکەن".

ئەوە لە  کاتێکدایە دوو رۆژە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە شەش کەسی تووشبووی نوێ تۆمار دەکات و، پشکی شێر لە ٥٤ کەسی تووشبوو بە پارێزگای سلێمانی کەوتووە".

 


PM:11:38:21/03/2020