چالاكانی مه‌ده‌نی داوای دادگاییكردنی بكوژانی پاسه‌وانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن
له‌گردبوونه‌وه‌یه‌كدا كه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان رێكخرا، داواكرا بكوژانی پاسه‌وانه‌كه‌ی به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له هه‌ولێر دادگایی بكرێن و هاوكات داواش له كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرا كه نه‌چێته ژێر باری سوڵحی عه‌شایه‌ری له‌گه‌ڵ پارتی.
فه‌رمان ڕه‌شاد رێكخه‌ری گردبوونه‌وه‌كه به‌یاننامه‌یه‌كی خوێنده‌وه كه تیایدا هاتبوو: "هه‌روه‌ك ئاگادارن له شه‌وی 30-4-2014 دوای ته‌وابوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند بكوژێك هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پاسه‌وانێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له شوێنی ئه‌ركه‌كه‌ی و تیرۆری ده‌كه‌ن، ئێمه وه‌ك رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌و هێرشه مه‌حكوم ده‌كه‌ین و ناڕه‌زای توندی خۆمانی به‌رامبه‌ر نیشان ده‌ده‌ین."
فه‌رمان ڕه‌شاد له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا وتی: پ"ێمان وایه به‌رده‌وامی ئه‌و روداوه دڵته‌زێنانه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خستۆته‌سه‌ر ناخی هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر كه بۆچی ده‌بێت دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك یان ئالۆزی نێوان هێزه سیاسیه‌كان روداوه نه‌خوازره‌وه‌كانی لێبكه‌وه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ئێمه حزبی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێر به‌به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه ده‌زانین و داوا ده‌كه‌ین له كه‌یسی پاسه‌وانه‌كه‌ی به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵی ئیسلامی دادگا ئاراسته‌ی ته‌ندروستی خۆی وه‌ربگرێت و به‌شێوه‌یه‌كی یاسایانه ئه‌و دۆسیه یه‌كلایی بكاته‌وه و ده‌ستوه‌ردانی تێدا نه‌كرێت هاوكات به پێویستی ده‌زانین داوا له كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بكه‌ین نه‌چێته ژێرباری هیچ سوڵحێكی سیاسی و عه‌شایه‌ری و ئه‌و پرسه بۆ دادگا به‌جێبێڵێت.
PM:01:50:04/05/2014